سلێمانی.. هاوڵاتییەك بە كوژراوی دۆزرایەوە

تا ئێستا كه‌سوكاری كوژراوه‌كه‌ دیارنییه‌

K24 – سلێمانی:

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ 24ی 12ی 2017، دوای ئاگادار كردنەوەی هێزەكانی پۆلیس، تەرمی هاوڵاتییەك  لەناو پڕۆژەی شاری دایك (بەرامبەر چاڤی لاند) بە كوژراوی دۆزرایەوە.

هۆبه‌ی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكان, له‌ بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی, رایده‌گه‌یه‌نێت، دوای گەیشتنی هێزەكانی پۆلیس و تیمە فریاگوزارییەكان, تەرمی هاوڵاتییەكە رەوانەی پزیشكی دادوەری لە شاری سلێمانی كرا.

به‌ گوێره‌ی زانیارییە سەرەتاییەكان, ئەو هاوڵاتییە ڕەگەزی نێرەو تەمەنی نزیكەی 30 ساڵ دەبێت و نزیكی 4 ڕۆژە كوژراوە, بەهۆی ئەوەی هیچ ناسنامەیەكی پێ‌ نەبووە تا ئێستا ناو و تەمەن و شوێنی نیشتەجێبونی نەزانراوە.

لە ئێستاشدا هێزەكانی پۆلیس سەرقاڵی لێكۆڵینەوەی وردن و پەڕاوی لێكۆڵینەوەش بۆ رووداوەكە كراوەتەوە .