مەلا بەختیار داوای فرۆشتنی زەوی و خانووەكان دەكات

"سەرم سوڕماوە بۆ تا ئێستا نەكراوە"

K24 - ھەولێر

مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك وتارێكی لە ژێر ناوی (چارەسەری موچە، یان قەرز یان فرۆشتنی موڵكەكان) نوسیووە و ئاشكرای دەكات لە كۆبوونەوەی نێوان پارتی و یەكێتی داوای كردووە حكومەتی ھەرێم بۆ چارەسەری قەیرانەكان زەوی و موڵك‌ و باخ‌ و خانووی بێ‌ تاپووە بفرۆشێ، بەڵام ئەوە نەكراوە، دەشڵێت" تا ئێستا ئەم كارە بۆ نەكراوە، سەرم سوڕماوە".

مەلا بەختیار رایگەیاندووە: "خۆپیشاندانەكان دامركانەوە، بەڵام هۆكارە سەرەكییەكانی سەرهەڵدانەوەی ماوون. هەرە كاریگەریان كێشەی ئابوورییە. لەم دۆخە ئابوری ‌و سیاسییەی عێراق‌ و كوردستاندا، ئاسۆی چارەسەركردنی كێشە ئابورییەكان دیار نییە. ئەگەر دانوستانیش دەستپێبكات، دەستبەجێ‌ چارەسەر نادۆزرێتەوە. دیاریشە حكومەتی بەغداد، خەمساردە لەچارەسەری بودجە و مووچە".

لە بەشێكی دیكەی وتارەكەدا مەلا بەختیار دەڵێ: "پار، بەندە لەكۆبوونەوەی سەرجەم حزبە كوردستانییەكان‌و ئەمساڵیش، لەهەمان كۆبوونەوە، هەروا لەكۆبوونەوەی یەكێتیی و پارتی، لەگەڵ سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەشی، جەختم كردۆتەوە، كە وا: ئەگەر ناتوانن قەرز لەبانك و دەوڵەتەكان بۆ چارەسەركردنی قەیرانەكان بكەن، تاقە چارەسەر فرۆشتنی ئەرزو موڵك‌و باخ‌و خانووی بێ‌ تاپووە. مەزندە دەكرێ‌ ملیارەها دۆلار، لەم هەموو موڵكە تاپۆ نەكراوە، لەخانەقینەوە تا زاخۆ، دەستبكەوێ‌. تا ئێستا ئەم كارە بۆ نەكراوە، سەرم سوڕماوە؟!".

ھەروەھا مەلا بەختیار نوسیوویەتی: "ئەوەی من بیستومە گوایە، یاسای بۆ پەسەند نەكراوە، سەیرە! حكومەتەكەمان دەیان هەزار پێشێلكاری یاسایی قبوڵ كردوە، بەڵام چارەسەرەكەی لەقازانجی موچەی خەڵك، بۆ نەهێشتنی پێشێلكارییەكان، ناكات".