زمانی كوردی خرایه‌ سه‌ر پۆسته‌رێكی جیهانی

زمانی کوردی بووە په‌نجاو دووه‌مین زمانی فەرمی لاوانی سیاسی جیھان

K24 - هه‌ولێر:

لەمیانی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی تایبەتی میدیای Bulleyeـی ئەوروپی، فەلاح حەسەن جێگری سەرۆکی لاوانی سیاسی جیھانی کە ھاوکات گەنجێکی کوردە، خۆشحاڵی خۆی نیشاندا کە توانیوویانە پاش ھەوڵێکی زۆر بەر لەکۆتایھێنانی ساڵی ٢٠١٧ زمانی کوردی کە زمانی فەرمی دانیشتووانی ھەرێمی کوردستانە بھێننە ڕیزی زمانە فەرمیەکانی تری لاوانی سیاسی جیھانی و یەکەمین پۆستەری فەرمی بە زمانی کوردیش شانبەشانی زمانە فەرمیەکانی تر سەبارەت بەیادی لەدایکبوونی حەزرەتی مەسیح و یادی سەری ساڵی نوێ بڵاوبکرێتەوە.

 لەوەڵامی ئەو ئاستەنگانە ھاتنە بەردەم ئەم پڕۆسەیە، فەلاح حەسەن بەم میدیا ئه‌وروپییه‌كانی ڕاگەیاندووە: "لە دواین کۆنگرەی لاوانی سیاسی جیھانیدا كه‌ لە ئۆکتۆبەری ئەمساڵ لە شاری برۆكسێلی پایته‌ختی به‌لجیكا بەڕێوەچوو، ھەوڵی تەواویان داوە کە لە پەیڕەو پڕۆگرامی لاوانی سیاسی جیھانیدا گۆڕانکاری بکەن و دەستەواژەی زمانی فەرمی ھەرێمەکانیش بخرێتە پرۆگرامی لاوانی سیاسی جیھانیەوە، چونکە پێشتر تەنھا وڵاتەکان بۆیان ھەبوو زمان و نووسینی فەرمیان ھەبێت لە لاوانی سیاسی جیھانیدا، بۆ ئەم مەبەستەش زمانی کوردی بووە ٥٢ مین زمانی فەرمی لاوانی سیاسی جیھانی لەکۆی ٩٣ ووڵاتی كه‌ ئەندامن تیایدا."

 ئەو گەنجە کوردە لە کۆتایدا سوپاسی ئەندامانی سیاسی لاوانی جیھانی کردووە کە توانیوویانە پشتگیری لێبکەن و تیشکی خستۆتە سەرئەوەی کە بەدرێژایی مێژوو چەندین تەعریب و تەتریکی زمانەوانی بەسەری گەلی کوردستاندا ھاتووەو لە ڕێگەی دیکتاتۆرو نەژادپەرستەکانەوەو تاوەکو ئێستاش ھەر بەردەوامی ھەیە.

لە مەودوا سەرجەم پەیام و پۆستەرە گشتیەکانی لاوانی سیاسی جیھانی بەزمانی کوردیش دەنووسرێن و چاپ دەکرێن.