داخرانی سنوورەكان زیاتر لە 2 ملیار دۆلار زیانی بە ئێران گەیاندووە
"زیانی سیاسی و كۆمەڵایەتیشی بۆ ئێران ھەبووە"
K24ھەولێر
داخرانی سنوورەکانی نێوان باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان جگە لەوەی زیاتر لە 2 ملیارد و 500 ملیۆن دۆلار زیانی بە ئابووری ئێران گەیاندووە، و ئەندامێکی پەرلەمانی ئێرانیش دەڵێ، داخستنی سنوورەکان جگە لە زیانی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسیشی لێکەوتووەتەوە.
کۆماری ئیسلامیی ئێران وەك کاردانەوەیەك لە دژی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان دەروازە سنوورییەكانی ھەرێمی كوردستانی داخست، بەڵام تورکیا جێی ئێرانی لە بازاڕەکانی هەرێمدا پڕ کردەوە، هەر بۆیە داخرانی ئەم سنوورانە نەك کاریگەرییە چاوەڕوانکراوەکەی ئێرانی بەدوادا نەهات بەڵکوو بە زیانی ئەم وڵاتەش شکایەوە.
ئیستا پاش زیاتر لە دوو مانگ ئەندامێکی کۆمیسۆنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئیران دانی پیادادەنێ کە داخرانی ئەم سنوورانە دوو ملیار و 500 ملیۆن دۆلار زیانی بە ئابووری ئێران گەیاندووە.
حیشمەتوڵڵا فەلاحەت پیشە، نوێنەری شارەکانی داڵاهۆ و شائاباد لە پارێزگای کرماشان بە میدیا ناخۆییەكانی ئێرانی رایگەیاندووە "زیانی داخستنی سنوورەکانی ئێران و هەرێمی کوردستان بەقەد بوودجەی ساڵێکی سەرجەم پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوەی ئەم وڵاتە بووە".
ئەو پەرلەمانتارەی ئێران هۆشداردەدات کە زیانەکە تەنیا بواری ئابووری ناگرێتەوە و چەندین زیانی کۆمەڵایەتی و سیاسیییشی بەدوادا هاتووە.
پاریزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە نەبوونی کەرتی پیشەسازی و سەرمایەگوزاری حکوومیدا، جیا لە کشتوکاڵ، تاکە سەرچاوەی سەرەکی داهاتیان بازرگانی لەو سنوورانەیە. ئەویش ئەوا دوومانگە لە لایەن حکوومەتی ئیرانەوە رێگای لێگیراوە. بەمەش بێکاری لە رۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر پەرەی سەندووە و بە گوتەی حیشمەتوڵلا فەلاحەت پیشە، ئەگەر حکوومەت خێرا ئەو سنوورانە نەکاتەوە، ئەوا جگە لە دەرکەوتە ئابوورییەکان، دەرکەوتە سیاسییەکانی ئەم بڕیارەش داوێنی ئێران دەگرن.