سەرۆک بارزانی: داوا لە برایانی یەکێتی دەکەم لەگەڵ پارتی دابنیشن و کێشەکان چارەسەر بکەن
سەرۆک بارزانی لە پەیامێکدا رایگەیاند، بەرژەوەندیی گەلی کوردستان لە سەرووی هەموو ئامانج و بەرژەوەندییەکی دیکەوەیە، سەرۆک بارزانی داواشی لە یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان کردووە لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان کۆببنەوە.
دەقی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی
بە ناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
سەبارەت بە پێشهاتەکان و بارودۆخی سیاسی، پێویستە هەموو لایەک ئەوە لەبەرچاو بگرن کە بەرژەوەندیی گەلی کوردستان لە هەموو بەرژەوەندی و ئامانجێکی تردا گەورەترە.
لەسەر ئەو بنەمایەش، داوا لە برایانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان دەکەم لەگەڵ پارتی پێکەوە دابنیشن، کێشەکان چارەسەر بکەن و کۆتایی بە قەیرانە سیاسییەکەی هەرێمی کوردستان بهێنن.
زۆریش حەز دەکەم لایەنە سیاسییەکانی تری هەرێمیش بەشداری لە هەنگاوەکانی پڕۆسەی سیاسیدا بکەن، پێکەوە حکوومەتێکی بنکەفراوان و نیشتیمانی پێک بهێنن و وەڵامی داوا و خواستەکانی خەڵکی کوردستان بدەنەوە.
مسعود بارزانی
9ی تشرینی دووەمی 2026