شا له شه‌ڕه
شا عه‌بدووڵای دووه‌م ته‌قه له دوژمنه وه‌همییه‌كانی ده‌كات
K24 - هه‌ولێر:
رۆژی دووشه‌ممه 25/12/2017، هێزه چه‌كداره‌كانی ئوردن، ڤیدیۆیه‌كی شا عه‌بدووڵای پادشای ئوردنیان بڵاوكردووه‌ته‌وه كه له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له هێزه سه‌ربازییه‌كانی ئه‌و وڵاته‌دا، به چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی راسته‌قینه، به‌شداریی مه‌شق و راهێنان ده‌كات.
شا عه‌بدوڵڵا به جلوبه‌رگی سه‌ربازی و چه‌كه‌وه ده‌رده‌كه‌وێت و له‌گه‌ڵ سه‌ربازه‌كاندا ته‌قه له‌و ئامانجه وه‌همیانه ده‌كات كه بۆیان دیاریكراوه. شای ئوردن له ناوچه‌یه‌كی وڵاته‌كه‌ی كه دیارنییه چ شوێنێكه، له فڕۆكه دێته خواره‌وه‌و له‌و سه‌ربازگه‌یه‌ی سوپای ئوردندا ته‌قه له دوژمنه وه‌همییه‌كانی ده‌كات.
له‌و مانۆڕه سه‌ربازییه‌دا هێلیكۆپته‌ر و تانك و زرێپۆش به‌شدارییان كردووه و ده‌نگی تۆپ و ئاڕبی جی و جۆره پێشكه‌وتووه‌كانی دیكه‌ی ئه‌و چه‌كانه ده‌بیسترێت.
شا عه‌بدووڵای دووه‌م به ئۆتۆمبێلێكی سه‌ربازی و چه‌كی ئۆتۆماتیكییه‌وه ده‌ڕوات و ته‌قه له ئامانجه‌كه ده‌كات.
دواتر به ئۆتۆمبێلێكی سه‌ربازی به‌شداریی له راهێنانی چوونه ناو باڵه‌خانه‌یه‌ك ده‌كات و له‌گه‌ڵ سه‌ربازه‌كاندا ده‌چێته ژووره‌وه.
شا عه‌بدووڵا كه فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه چه‌كداره‌كانی ئوردنه، ئاره‌زووی زۆری بۆ كاروباری سه‌ربازی هه‌یه و زۆر بایه‌خی پێده‌دات و خۆیشی له‌و بواره‌دا سه‌ركێشی ده‌كات و حه‌زی له خۆهه‌ڵدانه به په‌ڕه‌شووت. هه‌روه‌ها پێشبڕكێی ئۆتۆمبیل و له چه‌ندین بۆنه‌دا به جلوبه‌رگی سه‌ربازییه‌وه ده‌ركه‌وتووه.
كاتێك شا عه‌بدووڵا په‌یوه‌ندی به هێزه سه‌ربازییه‌كانی وڵاته‌كه‌یه‌وه كرد، پله‌ی مولازمی هه‌بوو، وه‌ك فه‌رمانده‌ی فه‌سیل و یاریده‌ده‌ری فه‌رمانده‌ی سریه له لیوای 40ـی زرێپۆش خزمه‌تی كردووه.
ئه‌وه‌ش پاش گه‌ڕانه‌وه‌ی بووه له بریتانیا‌و له ساڵی 1980 و دوای ئه‌وه‌ی له ئه‌كادیمیای سه‌ربازی "ساندهێرست" ده‌رچووه.
دوای كۆتاییهاتنی خوێندنی زانستی سه‌ربازی، ساڵی 1981 پله‌كه‌ی بووه به مولازمی دووه‌م و كراوه به فه‌رمانده‌ی سریه‌ی چاودێری له كه‌تیبه‌ی 13/18 له هێزی هۆسار "خه‌یاڵی" شانشینی بریتانیا، له‌گه‌ڵ ئه‌و هێزانه‌دا له ئه‌ڵمانیای رۆژئاوا و ئینگلته‌را، خزمه‌تی كردووه. له ساڵی 1982، شا عه‌بدوڵڵای دووه‌م چووه‌ته زانكۆی ئۆكسفۆرد و ماوه‌ی ساڵێك له‌وێ بووه، له‌وێش وانه‌ی تایبه‌ت به كاروباری رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی خوێندووه.
دواتر له چوارچێوه‌ی پرۆگرامی كورسی خوێندنی سه‌ركرده‌كان، په‌یوه‌ندی به كۆلیژی خزمه‌تگوزارییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی زانكۆی جۆرج تاون له واشنتنی پایته‌ختی ئه‌مریكا كردووه‌و پرۆگرامی توێژینه‌وه‌و لێكۆڵینه‌وه‌ی له كاروباری نێوده‌وڵه‌تی ته‌واوكردووه و ماسته‌ری له كاروباری خزمه‌تی ده‌ره‌وه به‌ده‌ستهێناوه.