عه‌بدوڵڵاى كوێخا موباره‌ك: شاسوار ده‌ڵاڵى به‌غدايه
شاسوار عه‌بدولواحيد ده‌ڵاڵى حكومه‌تى عێراق و حه‌يده‌ر عهبادييه و يه‌كێتى سه‌رى نه‌ماوه و مرۆڤ نازانێت له‌گه‌ڵ كام ده‌سته و كام لايهنهى مامه‌ڵه بكات
K24 – هه‌ولێر:
عه‌بدوڵڵاى كوێخا موباره‌ك رايده‌گه‌يه‌نێت، له هه‌رێمى كوردستاندا شاسوار عه‌بدولواحيد ده‌ڵاڵى حكومه‌تى عێراق و حه‌يده‌ر عهبادييه و ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كات، يه‌كێتى سه‌رى نه‌ماوه و مرۆڤ نازانێت له‌گه‌ڵ كام ده‌سته و كام لايهنهى مامه‌ڵه بكات.
رۆژنامه‌ى ئاوێنه له ژماره (607)ـى رۆژى سێشه‌ممه 26ى كانوونى يه‌كه‌م/ ديسێمبه‌رى 2017، له لاپه‌ڕه 3دا چاوپێكه‌وتنێكى له‌گه‌ڵ عه‌بدوڵڵاى كوێخا موباره‌ك ئه‌ندامى جڤاتى نيشتيمانى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان ئه‌نجامداوه.
له وه‌ڵامى پرسيارى رۆژنامه‌كه‌دا (پێتانوايه له ناوخۆى خۆمان هاوكارى عه‌بادى بكرێت بۆ جێبه‌جێكردنى به‌رنامه‌كه‌ى له هه‌رێمى كوردستان) عه‌بدوڵڵاى كوێخا موباره‌ك ده‌ڵێت: "ئه‌وه بابه‌تێكى ئاشكرايه، پێمخۆشه ئه‌م قسه‌يه‌م كه ناوى خه‌ڵك دێنم بكه‌يته سه‌ردێڕى رۆژنامه‌كه، حه‌يده‌ر عه‌بادى و حكومه‌تى عێراقى دهڵاڵيان هه‌يه له كوردستان".
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "شاسوار عه‌بدولواحيد دهڵاڵهكهيانه له هه‌رێمى كوردستان".
عه‌بدوڵڵاى كوێخا موباره‌ك روونيكردووه‌ته‌وه، "عه‌بادى و حكومه‌تى عێراق ده‌يانه‌وێت له رێگه‌ى شاسواره‌وه داوا ره‌واكانى خه‌ڵك بگۆڕێت بۆ پشێوى و نانه‌وه‌ى ئاژاوه و شێوازى توندوتيژيانه. دواتر وا له ئه‌مريكا و وڵاتانى ئه‌وروپا بكات رێگه به به‌غدا بده‌ن بۆ ده‌ستتێوه‌ردان و ئه‌زموونى هه‌رێمى كوردستان هه‌ڵبوه‌شێننه‌وه".
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "زۆر پێويسته به‌رده‌وام ئاگادارى دواى خۆمان بين، له دواى خۆمانه‌وه حكومه‌تى عێراقى هه‌يه. به راستى ئه‌وه‌ى به وردى بڕوانێت ده‌زانێت حه‌يده‌ر عه‌بادى نيازێكى زۆر باشى نييه. ده‌يه‌وێت له پاڵ ئه‌م ململانێ و ناڕهزايهتييانهى خه‌ڵك هه‌لێك بقۆزێته‌وه و هه‌رێمى كوردستان له‌ناو ببات".
له باره‌ى هه‌ڵپه‌ساردنى رێككه‌وتنى نێوان بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان و يه‌كێتى نيشتيمانى كوردستانه‌وه، ئه‌و هه‌ڵسوڕاوه‌ى گۆڕان له شارۆچكه‌ى چه‌مچه‌ماڵ پێى وايه يه‌كێتى پهرتهوازهيه.
عه‌بدوڵڵاى كوێخا موباره‌ك ده‌ڵێت: "يه‌كێتى نيشتيمانى كوردستان سه‌رى نه‌ماوه، تۆ نازانيت له‌گه‌ڵ ده‌ستى راستى، ده‌ستى چه‌پى له‌گه‌ڵ كام باڵى مامه‌ڵه بكه‌يت، يه‌كێتى سه‌رى نه‌ماوه و شيرازهى ناو يه‌كێتى تێكچووه، هه‌ر ئه‌وه‌ش هۆكار بوو كه رێككه‌وتنى سياسى له نێوان بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان و يه‌كێتى نيشتيمانى كوردستان سڕ بكه‌ين تا ئه‌و كاته‌ى دۆخى ناو يه‌كێتى ئاسايى ده‌بێته‌وه".
ناوبراو ئه‌وه‌شى نه‌شاردووه‌ته‌وه، كه "ئه‌و حزبه ئێستا واى لێهاتووه، به هه‌ر شێوه‌يه‌ك مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵ بكه‌يت، به‌شێكى لێت عاجز ده‌بێت".