زێدان له رێگهی ئهم 4 یاریزانهوه دهیهوێت شكۆی ریال مهدرید بگهرێنێتهوه
رۆژنامهیهك درز و خاڵه لاوازهكانی پێكهاتهی ریال مهدرید دهستنیشان دهكات
دۆڕانە قوورسەکەی ریال مهدرید له كلاسی، کارگێڕی ڕیال مەدریدی لە مێرکاتۆی زستانە هێناوهته جۆش و خرۆش و ئامانجیان هێنانی 4 یاریزانە، شكستهكهیان بهرامبهر بارسێلۆنا، کارگێڕانی یانه مهدریدییهكهی ناچارکرد بەر لە كردنهوهی دهرگهی گواستنهوهی یاریزانان كه كهمتر له یهك ههفتهی ماوه بۆ كڕینی یاریزانا جموجۆڵ بكهن، پێرێز له پێناو پڕكردنهوهی خاڵه لاوازهكانی پێكهاته دەرگای قاسەکەی بهڕووی زێداندا كردۆتهوه.

بەپشتبەستن بە زانیارییەکانی پێگەی "ئاس"ـی نزیک لە یانە مەدریدیەکە، بەرپرسانی مێرێنگێ هەوڵ بۆ هێنانی هەر یەک لە یاریزانان ماورۆ ئیکاردی ئارجێنتینی هێرشبەری یانەی ئینتهر ئیتاڵی کە سەرووی گۆڵکارانی سێرییا Aـی گرتووە بە تۆمارکردنی 17 گۆڵ.
ـ یهكێكی دیكه لهو یاریزانانهی کە کارگێڕی قەڵای سپی چاودێری دەکەن بۆ پەڵکێش کردنی محەمەد سهڵاحی ئەستێرەی هەڵبژاردەی میسڕ و یانەی لێڤەرپوولی ئینگلیزییە کە توانیویەتی بە ئاستێکی بەرز دەربکەوێت و 20 گۆڵ بۆ ڕێدز لەسەرجەم پاڵەوانەتیەکاندا تۆماربکات، بەڵام لە ئەگەری هێنانی سهڵاح بۆ بێرنابیۆ ئەوا مێرێنگێ ناتوانێ سوود لەتواناکانی ئەو فیرعهونه میسرییه له چامپیۆنزلیگ وەربگرێت، بەوپێیەی لەگەڵ لێڤەرپوول لەو پاڵەوانەتییە پشکدار بووە.
هەرچی ماورۆ ئیکاردییە دەتوانێت لەسەرجەم پاڵەوانەتیەکاندا خزمەت بە مێرێنگێ بگەیێنێت، بەڵام ئەستەمە بەرپرسانی ئینتهر میلان ئیتاڵی وابەئاسانی دەستبەرداری لاوە گۆڵکارەکەی تانگۆ ببن، بەو پێیەی لەزۆربەی یارییەکانی یانە ئیتاڵیەکە خاڵی یەکلایکەرەوە بووە، ماوەیەک لەوەو پێش هەمان دەنگۆ بڵاوبویەوە بەرپرسانی ئەنتەر ڕایانگەیاند بەکەمتر لە 150 ملیۆن یۆرۆ دەستبەرداری ئیکاردی نابن.
.jpg)
ئهگهر بارودۆخی محهمهد سهڵاح لهگهڵ ڕێدز شی بكهینهوه دهبینین تیپهكهی یۆرگن كلۆپ بەهۆی سەڵاحهوه ئهمساڵ تەواو جیاواز دەرکەوتووە، یاریزانە بەجموجۆڵ و خێراکەی کیشوەری ئەفریقیا، بەنمایشە ناوازەکانی و گوڵە چێژبەخشەکانی لە ئێستادا پیاوی یەکەمی یانەی لێڤەر پووڵە وپێناچێت لەماوەی مانگێکی مێرکاتۆی زستانەدا بهێڵن بەرەو مەدرید گهشت بکات، نرخێکی زۆریشی لەسەر دائەنێن تا بەرپرسانی یانە ئیسپانیەکە پاشەکشەبکەن لە گواستنەوەی ئەستێرەکەیان، لەمێرکاتۆی هاوینەشدا هەمان دۆخیان تووشی بارسێلۆنا کرد لەودەمەی نیازی گواستنەوەی کۆنتینهۆی ناوەڕاستکاری یانەکەیان هەبوو .

ـ خاڵێکی دیکەی لاوازی لۆس بلانکۆس لەم وەرزەدا گۆڵپارێزی یانەکەیە، کایلۆر ناڤاسی گۆڵپارێزی سەرەکی ئاستی دابەزیوە، کاتێکیش ناتوانێت پارێزگاری لەگۆڵی مێرێنگێ بکات، کیکۆ کاسیا شوێنگرەوەیەکی گونجاو نییە و نەیتوانیوە خۆی بسەلمێنێت و متمانەی ڕاهێنەر دهستبخات، هەربۆیەش کارگێڕی یانە مەدریدیەکە چاویان لەگواستنەوەی گۆڵپارێزێکە تا بەنۆرە لەگەڵ ناڤاس پارێزگاری لەگۆڵی ڕیال بکەن نزیکترین گۆڵپارێزیش كێپا ئاریزابالاگای گۆڵپاریزی 23 ساڵانەی یانەی ئاتڵێتیك بلباوی ئیسپانیایە، کە دەمێکە بەرپرسانی قەڵای سپی ئارەزووی پەلێکشکردنی بۆ یاریگای بێرنابیۆ دەکەن، لەئەگەری هاتنی کیبای لاویش ئەوا کیکۆ کاسیا گۆڵپارێزی دووهەمی یانەکە کۆچ دەکات .
بۆشاییەکی تری ڕیال مەدرید لە هێڵی بەرگریە بەدیاریکراوی شوێنگرەوەی دانی کارفاخاڵی بەرگریکاری لای ڕاستە، کاتێک دانی ڕادەگیرێت یاخو تووشی پێکان دەبێت، ئەشرەف حەکیمی مەغریبی ناتوانێ جێی ڕەزامەندی زیدانی ڕاهێنەر بێت و شوێنی کارفاخاڵ به تهواوهتی پڕبکاتەوە، هەربۆیەش لە مێرکاتۆی زستانەدا مێرێنگێ کار لەسەر هێنانی ئیدواردۆ ئیدۆرزیۆلای تەمەن 22 ساڵانە کە ئەم وەرزە بەئاستێکی بەرز لەگەڵ یانەی ڕیال سۆسیداد دەرکەوتووە و بۆتە جێی سەرنجی بەرپرسانی مێرێنگێ.
ئامادهكردنی: سهردار جهبار