"بەغدا باوەڕی بە فیدڕاڵی نییە"
عەبادی نایەوێت گفتوگۆ دەست پێبكات
K24 - ھەولێر
عەبادی دوای رووداوەكانی 16 ئۆكتۆبەر، ئێستا بەرامبەر كورد خۆی بە براوە دەزانێت، بۆیە گوێ بەو پەیامە ناوخۆیی و دەرەكیانە نادات كە داوای دەستپێكردنی گفتوگۆكانی نێوان ھەولێر و بەغدای لێدەكەن. سیاسەتمەدارێكی كورد دەڵێ عەبادی و ھاوشێوەكانی ھەر لە بنەڕەتدا بڕوایان بە فیدڕاڵی نییە. بەڕای پەرلەمانتارێكی كوردیش لە بەغدا یارییە سیاسیەكەی عەبادی تاسەر بەردەوام نابێت.
مەحموود عوسمان، سیاسەتمەداری كورد لەبارەی كێشەكانی نێوان ھەولێر و بەغدا بە كوردستان24 گوت: "نە شیعە و نە سوننەش باوەڕیان بە فیدڕاڵی نییە، ئەو بۆچوونەی ئێمە ھەمانە بۆ حوكمڕانی ئەوان نیانە، ئەوان باوەڕیان بەوەیە حوكمێكی مەركەزی بەھێز ھەبێت لە بەغدا، ھۆكاری دووەمیش ئەوەیە دەزانن كورد یەك نییە، لەبەر ئەوەش لاوازە و بە دەرفەتی دەزانن شتی بەسەردا دەسەپێنن".
ھەر پەیوەست بەو پرسە ئارێز عەبدوڵڵا، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق بە كوردستان24 رایگەیاند: "عەبادی نایەوێت گفتوگۆ دەست پێبكات، چونكە ئەگەر مەبەستی بێت دەتوانێ ئەو داوایانەی كە ھەیانە لەسەر مێزی گفتوگۆ بخاتەڕوو، بەڵام ئەو مەرج دادەنێت ئاستەنگ بۆ گفتوگۆ دروست دەكات".
یەكێك لە مەرجەكانی عەبادی، پێكھێنانی شاندێكی ھەرێمی كوردستانە كە نوێنەری سەرجەم لایەنە سیاسییە سەرەكیەكانی تێدابێت. بۆ ئەوەی گفتوگۆی نێوان ھەولێر و بەغدا دەست پێبكات. ئەمە لە كاتێكدایە گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی لە حكومەت كشاونەتەوە و داوای ھەڵوەشاندنەوەی حكومەت دەكەن. بەپێی زانیارییەكانی كوردستان24 عەبادی بە پاڵشتی چەند ھێزێكی ناوخۆی ھەرێمی كوردستان لە یارییە سیاسییەكەی بەردەوامە و ھەوڵی خۆدزینەوە لە گفتوگۆكان دەدات.