خه‌ڵكی داقوق له‌دژی ته‌عریبكردن ده‌ستی به‌ خۆپیشاندان كرد

"ئەوعەرەبانەی لەسەردەمی بەعس خاكی ئێمەیان داگیرکردبوو ئێستا زه‌وییه‌كانمان ده‌كێڵنه‌وه‌"

K24- هه‌ولێر:

جووتیارانی کورد لەپێش هۆبەی کشتووکاڵی داقووق خۆپێشاندانێکیان لەدژی سیاسه‌تی تەعریبکردنەوەی گووندەکانیان و داگیرکردنی زەوییەکانییان لەلایەن عەرەبە هاوردەکانەوە ئەنجامدا.

چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ ناوچه‌كه‌ به‌ كوردستان 24ی راگه‌یاند، لەخۆپێشاندانەکەدا ژمارەیەکی بەرچاو لەجووتیارانی کورد ئامادە بوون و، دوایانکرد بەر بەشاڵاوی تەعریبکردن و داگیرکاریی عەرەبەکان بگیرێت.

یەکێک لە خۆپێشاندەران کە خەڵکی گووندێکی سنووری داقووقە، بەکوردستان24ی ڕاگەیاند، دوای 16ی ئۆکتۆبەر و نەمانی دەسەڵاتی کوورد لەقەزاکە ئەوعەرەبانەی کە پێشتر لەسەردەمی بەعس زەوییەکانی ئێمەیان داگیرکردبوو، ئێستا دووبارە بەهەڕەشە و بەزەبری هێز زەوییەکانمان دەکێڵنەوە و دووبارە داگیری دەکەنەوە.

ئەوجووتیارە کووردە ئۆباڵی ئەو زووڵمەی لێیان دەکرێت دەخاتە ئەستۆی بەرپرسان و دەسەڵاتدارانی ناوچەکە، کە لەدوای 16ی ئۆکتۆبەر هاوڵاتیانی ناوچەکەیان بۆعەرەب و حەشدی شەعبی بەجێهێشتووە. هه‌روه‌ها هۆشداری ئەوەشیدا، لەئەگەری چارەسەرنەکردنی کێشەکانیان، کورد ناچارە وەکو خوورماتوو، قەزاکە چۆڵ بکات، چونکە بەوتەی ئەو ڕۆژانە هاوڵاتییانی کورد دەکووژرێن و سووکایەتیان پێدەکرێت و خانووەکانییان دەتەقێنرێنەوە. دواشی لەسەرکردایەتی سیاسی کوردستان کرد، فریایان بکەون و چیتر پشتییان تێنەکەن.