مه‌لا به‌ختیار: كۆبوونه‌وه‌ی نهێنی و ئاشكرا ئه‌نجامدراون
"ئه‌وه‌ی ده‌یزانم به‌غداد باشتر ئاماده‌یه بۆ دانوستاندن"
K24 - هه‌ولێر:
مه‌لا به‌ختیار، لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان له هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك نووسیوویه‌تی له‌ماوه‌ی ئه‌م هه‌فته‌یه‌دا كۆبوونه‌وه‌ی نهێنی و ئاشكرای جۆراوجۆر كراون.
مه‌لا به‌ختیار ده‌شڵێت: "ئه‌وه‌ی ده‌یزانم به‌غداد باشتر ئاماده‌یه بۆ دانوستاندن و حكومه‌تی هه‌رێمیش خۆی سازده‌دات بۆ ئه‌و دانووستانانه و شاندی په‌رله‌مانیش سه‌ردانی به‌غداد ده‌كات".
هه‌روه‌ها له‌و نووسینه‌دا مه‌لا به‌ختیار نووسیویه‌تی: "چیكه شهر له‌نێوان هێزه‌كانی عێراق و پیشمه‌رگه رونادات و كێشه‌ی ده‌روازه سنوریهكانو گومرگ و فڕۆكه‌خانه‌كان، وردتر بیر له چاره‌سه‌ركردنیان ده‌كرێته‌وه. دوای ئه‌مه‌ش به‌رنامه‌ی چاره‌سه‌ری بودجه‌و موچه‌و ناوچه كێشهلهسهرهكانیش ده‌ستپێده‌كات".
له‌درێژه‌ی نووسینه‌كه‌یدا مه‌لا به‌ختیار ده‌ڵێ بۆچوونی ئه‌وان له‌سه‌ر ئه‌م پرسانه ئه‌وه‌یه پێویسته حكومه‌تی هه‌رێم له‌گه‌ڵ تێكڕای لایه‌نه‌كان، گفتوگۆی به‌رپرسانه بكات و ته‌گبیری هه‌موان گه‌ڵاڵه بكرێ، په‌رله‌مانی كوردستانیش له‌گه‌ڵ فراكسیۆنه‌كان، دانیشتن بكات و بۆچونیان، بۆ حكومه‌ت و، شاندی دانوستانكار بنوسێ. پێكه‌وه، به‌ره‌و چاره‌سه‌ری هه‌مه‌لایه‌نه بڕۆن.