نێچیرڤان بارزانی: ھەوڵی جدی بۆ چارەسەری كێشەكانی نێوان ھەولێر و بەغدا ھەن

بەغدا داخستنی فڕۆكەخانەكان وەك كارتی فشار دژی ھەرێمی كوردستان بەكار دەھێنێ

K24 - ھەولێر

لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند: "چەند ھەوڵێكی جدی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لەگەڵ بەغدا ھەن و ئێمە وەك حكومەتی ھەرێمی كوردستان پێشوازیمان لێكردووە و جەخت دەكەینەوە دەمانەوێت كێشەكان لە چوارچێوەی دەستوور چارەسەر بكرێن".

نێچیرڤان بارزانی راشیگەیاند: "وەك باس دەكرێت بەغدا ماوەی داخستنی فڕۆكەخانەكانی ھەرێمی كوردستانی درێژكردووەتەوە، بەداخەوە سەرۆك وەزیرانی عێراق ئەو بابەتە وەك كارتی فشار دژی ھەرێمی كوردستان بەكاری دەھێنێت".

سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان گوتی: "لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی كوردستان، ھەڵسەنگاندنمان بۆ كێشەكان لەگەڵ بەغدا كرد".

گوتیشی: "لە كۆبونەوەكە تەئكیدمان لە ئەنجامدانی چاكسازییەكان كردووەتەوە ھەر بڕیارێك لە پەرلەمان دەربكرێت پابەندی دەبین".

لەبارەی ئەو ماوەی یەكگرتووی ئیسلامی بۆ كشانەوە یان مانەوە لە حكومەت دیاری كردووە نێچیرڤان بارزانی ئاشكرای كرد: "ئەمڕۆ كۆبوونەوەمان لەگەڵ شاندی یەكگرتووی ئیسلامی ھەیە، لە كۆبوونەوەكەدا ئەو بابەتانەیان لەگەڵ تاوتوێ دەكەین كە داوایان كردووە، ئەوەی پێمان بكرێت دەیكەین، یەكگرتوو ھەمیشە بەرپرسانە مامەڵەی لەگەڵ ئەو كێشانە كردووە كە لە ھەرێمی كوردستان ھەن".

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: "حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە کۆنفرانسی رۆژنامەوانی هەفتانەی خۆیدا چەند داتا و ئامارێکی لەبارەی داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان خستەڕوو، بەڵام داتاکانی پشتییان بەزانیاری تەواو نەبەستووە، بۆیەش لیژنەی نەوتی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانم راسپاردووە، بۆ ئەو پرسە. حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ژمارە وەڵامی قسەکانی عەبادی دەداتەوە".

سەبارەت بە دۆخی كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم نێچیرڤان بارزانی گوتی: "بەداخەوە لە چەند سنوورێك تەعریب دەستی پێكردوەتەوە، ئەمەش لە بەرژەوەندی ھیچ لایەكمان نییە، بەڵكو نا ئارامی و بێ متمانەی زیاتر دروست دەكات".

لە وەڵامی پرسیارێكی پەیامنێری كوردستان24 دا لەبارەی ناردنی پارەی گەنمی جوتیارانی ھەرێمی كوردستان، سەرۆكی حكومەتی ھەرێم رایگەیاند: "بەغدا بەشێك لە پارەی گەنمی جوتیارانی ناردووە، ھەروەھا پارەی فەرمانبەرانی بەنداوەكانیان ناردووە كە سەر بە بەغدان".