پرۆژه‌ی ئاوی ده‌ربه‌ندیخان ده‌ستپێده‌كاته‌وه
حكوومه‌ت بودجه‌ی پێویستی بۆ دابینكردووه
K24 - هه‌ولێر:
پرۆژه‌ی ئاوی ده‌ربه‌ندیخان له 14ـی شووباتی 2015 ده‌ستی به كاره‌كانی كرد، به‌ڵام به‌هۆی قه‌یرانی داراییه‌وه كاركردن تێیدا وه‌ستا، ئێستا جارێكی دیكه، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كۆمپانیایه‌كی بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی كاره‌كان راسپاردووه و وه‌زاره‌تی دارایش ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر دابینكردنی گوژمه‌ی پێویست بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی كاره‌كانی پرۆژه‌ی ئاوی ده‌ربه‌ندیخان ده‌ربڕیوه.
سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار به كوردستانی 24ی راگه‌یاند، له كاتی به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی شارۆچكه‌كه، له‌لایه‌ن نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و جێگره‌كه‌ی، له دوای بوومه‌له‌رزه به‌هێزه‌كه‌ی 12ی تشرینی دووه‌م، سه‌رۆكی حكوومه‌ت بەڵێنی بە هاوڵاتیانی ناوچەكە دا دەست بە کارەکانی پرۆژەی ئاوی دەربەندیخان دەكەنەوە.
دوای بڕیارەكەی سه‌رۆكی حكوومه‌تیش، ڕێنمایی دراوه‌ته وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان گوژمەی پێویست بۆ دەستپێكردنەوەی پرۆژەكە بدرێتە كۆمپانیای جێبەجێكار، پاش وەرگرتنی ئەو گوژمەیەش، كۆمپانیای ناوبراو ماوەی 6 بۆ 8 مانگی بە حكوومەتی هەرێمی كوردستان داوە، بۆ ئه‌وه‌ی كۆتایی بە پرۆژەكە بهێنێت و خزمەتگوزاری ئاو بگەیەنێتە دانیشتووانی ناوچەكە.
پرۆژەكە توانای بەرهەمهێنانی هەزار مەتر سێجا ئاوی هەیە لە كاتژمێرێكدا و تا ئێستا 43%ـی پرۆژەکە جێبەجێ كراوە، بڕیارە لە دوای تەواوبوونی پشووەکانی سەری ساڵ دەست بەکارەکان بكرێتەوە و لە ماوەی 6 تا 8 مانگ تەواو بكرێت و بڕی تێچووی پرۆژه‌كه‌ش به 19,997,000 ملیۆن دۆلار خه‌ملێندراوه.