پڕۆژە یاسای چاكسازی لە خانەنشین و مووچە و دەرماڵە دەكەوێتە بواری جێبەجێكردن

لە ئەنجوومەنی وەزیران پەسند كراوە

K24 - ھەولێر

سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، پڕۆژە یاسای (چاکسازی لە خانەنشینی و مووچە و دەڕماڵە) لە ئەنجوومەنی وەزیران پەسند كراوە و میکانیزمی ئاشکرای بۆ دانراوە لە 90 ڕۆژی یەکەمی ساڵی دارایی 2018 دەبێت بکەوێتە بواری جێبەجێبکردنەوە.

ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە ھەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك رایگەیاند: "پڕۆژە یاسای (چاکسازی لە خانەنشینی و مووچە و دەڕماڵە) لە دووتوێی 20 ماددە، بۆ چاکسازی لە بواری مووچە و خانەنشینی، بەخۆشحاڵیەوە بە بڕیاری ژمارە 129 ی ئەنجومەنی وەزیران پەسەندکرا و ڕەوانەی پەرلەمان دەکرێ کە داواکاری لە مێژینەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە، و میکانیزمی ئاشکرای بۆ دانراوە لە 90 ڕۆژی یەکەمی ساڵی دارایی 2018 دەبێت بکەوێتە بواری جێبەجێبکردنەوە، بەمەش هەم دادپەروەریی و هەم بڕە پارەیەکی زۆر دەگەڕێتەوە تا مووچەی مووچەخۆرانی شایستەی لێ بدرێ".

ئەوەشی خستووەتەڕوو: "ئەم پڕۆژە گرنگە، پڕۆژەی هاوبەشی حکومەت و پەرلەمان و دامەزراوەکانی چاودێریی و نەزاهە و داواکاری گشتی و شورایە، و دەبێت هی سەرجەم حیزبەکانیش بێت بە دێرین و نوێوە".