زیاتر لە 30 ھەزار گەشتیار ھاتوونەتە ھەولێر

سەرەڕای رێگرییەكانی بەغدا گەشتیاران روو لە ھەرێمی كوردستان دەكەن

K24 - ھەولێر

لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا زیاتر لە 30 ھەزار گەشتیار، بۆ پشووی سەری ساڵی نوێ، ھاتوونەتە پایتەختی ھەرێمی کوردستان.

ئیسماعیل مینەخان، بەڕێوەبەری گشتی لە دەستەی گشتی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان بە کوردستان24راگەیاند: "لە ماوەی رۆژانی پشووی سەری ساڵ تا ئەمڕۆ زیاتر لە 30 ھەزار گەشتیار ھاتوونەتە هەولێری ھەرێمی کوردستان".

ئەوەشی خستەڕوو: "ئەو ژمارەیە تەنھا ھی ئەو گەشتیارانەیە كە بە رێگەی ئۆتۆمبێل ھاتوونەتە ھەرێمی كوردستان، جگە لەوەش ژمارەیەكی دیكەی گەشتیاران لە شارەكانی عێراقەوە لە رێگەی فڕۆكەخانەوە سەردانی ھەولێریان كردووە".

ھاتنی ئەو ژمارە بەرچاوەی گەشتیاران بۆ ھەرێمی کوردستان لەکاتێکدایە کە لە 29 ئەیلوولی ئەمساڵەوە بە بریارێکی حەیدەر عەبادی، سەرۆکی وەزیرانی عێراق گەشتی نێودەوڵەتی فرۆکەخانەکانی ھەولێر و سلێمانی راگیراون.

پێشتر نادر روستی، وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری ھەرێمی كوردستان بە كوردستان24 راگەیاندبوو: "ته‌نها له‌ ماوەی دوو رۆژدا 150 پاسی گه‌شتیاری بۆ جه‌ژنی سه‌ری ساڵ هاتوونه‌ته‌ هه‌رێمی كوردستان و ته‌واوی گه‌شتیارانیش خه‌ڵكی ناوچه‌كانی خوارووی عێراقن".

دارشتنەوە: ھ.م