نوێترین زانیاری لەبارەی دەنگۆکانی گواستنەوەی کۆتینهۆ بۆ بارسێلۆنا
کۆتینهۆ 15 ملیۆن یۆرۆ لە گیرفانی خۆی دەدات لە پێناوی ئەوەی بچێتە بارسێلۆنا
K24- هەولێر
سەرجەم هەواڵەکانی باسی ئەوە دەکەن چوونی فیلیپ کۆتینهۆ بۆ ریزەکانی لیڤەرپوولی ئینگلیزی یەکلابووەتەوە و تەنیا لەسەر کات ماوە.
رۆژنامەکانی بەریتانیا و کەتەلۆنیا لە نوێترین زانیارییاندا لەبارەی پرۆسەی گواستنەوەی کۆتینهۆ لە لیڤەرپوولەوە بۆ بارسێلۆنا لەسەر ئەوە کۆکن، گرێبەستەکە گەیشتووەتە کۆتایی و هەموو شتێک یەکلابووەتەوە و تەنیا ماوە بەفەرمی هەردوولا گواستنەوەی کۆتینهۆ رابگەیەنن، تەنانەت رۆژنامەی دەیلی میرەری بەریتانی ئاشکرایکردووە، بارسێلۆنا بەنیازە رۆژی دووشەممە بەفەرمی گواستنەوەی کۆتینهۆ بۆ ریزەکانی رابگەیەنێت.
رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ لە ژمارەی ئەمڕۆ شەممەیدا ئاشکرایکردووە، کۆتینهۆ 15 ملیۆن یۆرۆی لە گیرفانی خۆی داوە و لە مووچەکەی خۆش بووە لەپێناوی ئەوەی لیڤەرپوول لە گفتوگۆکان نەرمی بنوێنێت و دەستبەرداری بێت، کە بەپێی نوێترین زانیارییەکان بارسێلۆنا ئامادەیە 110 ملیۆن یۆرۆ گرێبەست و 40 ملیۆن یۆرۆ پاداشت بداتە لیڤەرپوول، کەچی لیڤەرپوول داوای 120 ملیۆن یۆرۆ و 30 ملیۆن یۆرۆ پاداشت دەکات.
جیرارد رۆمێرۆی رۆژنامەنووسی بەناوبانگی کەتەلۆنی ئاشکرایکردووە، هەموو شتێک یەکلابووەتەوە و تەنیا چەند وردەکارییەکی بچووک ماوە و لە چەند کاتژمێری داهاتوو بەفەرمی گرێبەستەکە رادەگەیەنرێت. رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکیش ئاشکرایکردووە، هەموو شتێک تەواو بووە ئێستا تەنیا پرسیار ئەوەیە کەی بەفەرمی گرێبەستەکە رادەگەیەنرێت.
رۆژنمامەکانی بەریتانیا ئاشکرایانکردووە، کۆتینهۆ لەگەڵ شاندی یانەی لیڤەرپوول ناچێتە ئیمارات، کە بەنیازە لەوێ کەمپێکی مەشقی بکەنەوە، بەڵکو ناوەڕاستکارە بڕازیلییەکە لە لیڤەرپوول چاوەڕێی ئەوە دەکات گرێبەستەکەی تەواو بێت و بگەشتی بارسێلۆنا بکات، تەنانەت رۆژنامەی ئاسی ئیسپانی لە ژمارەی ئەمڕۆیدا رایگەیاندووە، لەوانەیە ئەمشەو کۆتینهۆ گەشتی بارسێلۆنا بکات و سبەی یەکشەممە لە پەیژەکانی یاریگەی کامپ نووەوە سەیری یاریی بارسێلۆنا و لیڤانتی بکات.
