لە بەرزێوە؛ دوو هاووڵاتی بەهۆی تەزووی کارەباوە لەنێو رووباردا گیانیان لەدەستدا
بەهۆی بەرکەوتنی تەزووی کارەبا لەنێو رووبارێک لە گوندی بەرزێوەی سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، دوو هاووڵاتی گیانیان لەدەستدا و تیمەکانی بەرگریی شارستانیش سەرقاڵی دەرهێنانەوەی تەرمەکانیانن.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 16ـی ئەیلوولی 2026، رەوەند هاودیانی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی سۆران رایگەیاند "ئاگادار کراینەوە دوو هاووڵاتی بەهۆی بەرکەوتنیان بە تەزووی کارەبا لەنێو رووبار لە گوندی بەرزێوە گیانیان لەدەستداوە و لە ئێستادا تەرمەکانیان لەنێو ئاودایە."
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سۆران ئاماژەی بەوە کرد، هەرچەندە تیمەکانیان دەستبەجێ گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە، بەڵام بەهۆی بوونی تەزووی کارەبا لەنێو ئاوەکەدا نەتوانراوە بچنە نێو رووبارەکە بۆ ئەوەی گیانی کارمەندانی فریاگوزاری نەکەوێتە مەترسییەوە. گوتیشی "ئێستا لە هەوڵداین لە رێگەی فەرمانگەی کارەبا و فەرمانگە پەیوەندیدارەکانەوە تەزووی کارەباکە بپچڕێنین، بۆ ئەوەی بتوانین تەرمی ئەو دوو هاووڵاتییە دەربهێنینە دەرەوە."
دەربارەی هۆکاری دروستبوونی تەزووی کارەباکە، رەوەند هاودیانی روونیکردەوە "بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، بەهۆی بوونی غەتاس و کارەبا لەنێو رووبارەکەدا، وایەری غەتاسەکە کەوتووەتە نێو ئاوەکە و تەزووی کارەبای دروست کردووە."
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سۆران جەختیشی کردەوە کە ئەم زانیارییانە سەرەتایین و لە کاتی ئێستادا تیمەکانیان سەرقاڵی کارکردنن و لە دوای کۆتاییهاتنی کارەکان و لێکۆڵینەوە، زانیاریی دروست و فەرمی رادەگەیەنن.