تەواو، کۆتینهۆ بە 142 ملیۆن پاوەند دەبێتە یاریزانی بارسێلۆنا
ئەمشەو یان سبەی دەگاتە بارسێلۆنا و بە میدیاکان دەناسرێنرێت
K24- هەولێر
دواجار گرێبەستەکەی فیلیپ کۆتینهۆ یەکلابووەوە و بەگوێرەی سەرچاوەکانی رۆژنامەکانی تەلەگراف و تایمزی بەریتانی یاریزانەکانی لیڤەرپوول بەرامبەر 142 ملیۆن پاوەند دەبێتە یاریزانی بارسێلۆنا.
کەمێک لەمەوبەر پۆل جۆیسی رۆژنامەنووسی بەناوبانگی بەریتانی نووسەر لە رۆژنامەی زە تایمزی بەریتانی لە هەژماری فەرمی خۆی لە تویتەر ئاشکرایکردووە، گرێبەستەکەی کۆتینهۆ یەکلابووەوە و بەرامبەر 142 ملیۆن پاوەند دەبێتە یاریزانی بارسێلۆنا و ئەمشەو یان سبەی یەکشەممە گەشتی ئیسپانیا دەکات و بەفەرمی دەبێتە یاریزانی بارسێلۆنا.
لەلایەکئی دیکەوە چەند خولەکێک لەمەوبەر جاسۆن بورتی نووسەری رۆژنامەی تەلەگرافی بەریتانی ئاشکرایکردووە، هەموو شتێک یەکلابووەتەوە و کۆتینهۆ بەرامبەر 160 ملیۆن یۆرۆ دەبێتە یاریزانی بارسێلۆنا. نرخی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی کۆتینهۆ لەگەڵ بارسێلۆنا 500 ملیۆن یۆرۆ دەبێت و پێشبینی دەکرێت رۆژی دووشەممە یان چوارشەممەی داهاتوو لە کامپ نوو بە میدیاکان بناسرێنرێت.
کۆتینهۆ دەبێتە گرانبەهاترین یاریزان لە مێژووی بارسێلۆنا و بەهۆی یەکلابوونەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ شاندی یاریزانانی لیڤەرپوول نەچووەتە دوبەی، کە ئێستا لیڤەرپوول کەمپێکی مەشقی لەوێ کردووەتەوە.
رۆژنامەکانی سپۆرت و مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی کەتەلۆنیش لەلای خۆیانەوە یەکلابوونەوەی گرێبەستەکەی کۆتینهۆیان راگەیاندووە و ئاشکرایانکردووە، کۆتینهۆ ئەمشەو لەگەڵ خێزانەکەی گەشتی بارسێلۆنا دەکات و دوای وەرگرتنی مۆڵەت لە یانەی لیڤەرپوول بڕیاری داوە هەر ئەمشەو گەشتی بارسێلۆنا بکات و چاوەڕێش دەکرێت سبەی بەفەرمی گرێبەستەکە رابگەیەنرێت.