حکومەتى هەرێم بە فەرمى نیگه‌رانی خۆی گه‌یانده به‌رپرسانی ئێران
"قسه‌كانی ره‌زایی پێچەوانەى بنەماو یاسا نێودەوڵەتییەکانە"
K24 - ھەولێر
له‌میانی كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ سیامەك بورهانى، جێگرى کونسوڵى گشتى کۆمارى ئیسلامى ئێران، فەلاح مستەفا بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەتی ھەرێم، بە فەرمى نیگەرانی و ناڕەزاییەکانى هەرێمى کوردستانى گەیاندە ئێران، سەبارەت بە لێدوانێکى موحسین ره‌زایى، ئەمیندارى ئه‌نجومه‌نى ده‌ستنیشانكردنی به‌رژوه‌ندییه‌كانى ئێران کە گوایە خۆپیشاندانه‌كانى ئێران له هه‌ولێره‌وه پلانى بۆ دانراوەو به‌ڕێوه‌ده‌برێن.
بە گوێرەی ماڵپەڕی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ھەرێمی كوردستان، هه‌ر له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا فه‌لاح مسته‌فا، رایگه‌یاند: "قسه‌كانی ره‌زایی پێچەوانەى بنەماو یاسا نێودەوڵەتییەکانە بۆ پەیوەندى دوولایەنە، چونکە قسەکانى چەند تۆمەتێکى هەڵبەستراوى بێ بنەمایەو یەکەم جاریش نییە ئەم تۆمەتانە لەلایەن گەورە بەرپرسانى ئێرانەوە بڵاودەکرێتەوە، ئەگەر ناوبراو هەر بەڵگەیەکى هەیە لەسەر ئەم مەسەلەیە با بیخاتەڕوو".
فه‌لاح مسته‌فا ئەوەشی خستووەتەڕوو: "ئەو لێدوانە بە هەڵوێستێکى نەگونجاو دەبینین و دژى پەیوەندی نێوان هەرێمى کوردستان و کۆمارى ئیسلامى ئێرانە".
لە بەرامبەر نیگەرانییەكانی ھەرێمی كوردستان، جێگرى کونسوڵى گشتى کۆمارى ئیسلامى ئێران رایگەیاندووە: "ئەو نیگەرانیانە بە هەند هەڵدەگرن و ده‌یگه‌یه‌نێته بەرپرسانى باڵا لە تاران".
