پەرلەمانی ئەوروپا بڕیارنامەیەکی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئیسلامی سیاسی پەسەند کرد

پەرلەمانی ئەوروپا بە زۆرینەی دەنگ بڕیارنامەیەکی پەسەند کرد کە داوای داڕشتنی ستراتیژییەکی هاوبەش دەکات بۆ سنووردارکردنی هەژموونی ئیسلامی سیاسی و توندکردنەوەی چاودێری بەسەر ئەو تۆڕ و کۆمەڵگانەی کە گومانی پەیوەندییان بە رێکخراوی ئیخوان موسلمینەوە لێ دەکرێت؛ بەتایبەت لە پرسی سەرچاوە داراییەکان و دەستڕاگەیشتنیان بە ناوەندەکانی بڕیاردان.

هەینی 9ـی تشرینی یەکەمی 2026، پەرلەمانی ئەوروپا لە دەنگدانێکدا کە 381 پەرلەمانتار لە بەرامبەر 167 دەنگی دژ و بێدەنگبوونی 15 ئەندام پەسەندیان کرد، داوای چاودێرییەکی وردتر دەکات بەسەر چالاکییەکانی ئەو دامەزراوانەی تۆمەتبارن بەوەی سەر بە ئیخوان موسلمینن.

بەپێی زانیارییەکان، ئەم بڕیارە بە مانای پۆلێنکردنی فەرمیی رێکخراوەکە وەک گرووپێکی "تیرۆریستی" نایەت، بەڵکو هەنگاوێکی چاودێرییە بۆ ناسینەوەی ئەو تۆڕانەی کە هەوڵ دەدەن لە رێگەی کۆمەڵگە مەدەنییەکان و کارە خێرخوازییەکانەوە کاریگەری لەسەر سیاسەت و دامەزراوە فەرمییەکانی ئەوروپا دابنێن.

ئەم هەڵوێستەی یەکێتیی ئەوروپا دوای راپۆرتێکی وردی وەزارەتی ناوخۆی فەرەنسا دێت لەژێر ناوی ئیخوان و ئیسلامی سیاسی لە فەرەنسا، کە تێیدا هۆشداری درابوو لە ستراتیژیی درێژخایەنی ئەم رێکخراوە بۆ پەرەپێدانی هەژموونی خۆی لە رێگەی دامەزراوە پەروەردەیی، ئایینی و کۆمەڵایەتییەکانەوە.

بەپێی راپۆرتەکە، هەندێک لەو کۆمەڵگانەی نزیکن لە ئیخوان، لە بواری خوێندن، خزمەتگوزاریی کۆمەڵایەتی و چالاکیی گەنجاندا کار دەکەن، ئەمەش رێگەیان بۆ خۆش دەکات بەشداری لە گفتوگۆ گشتییەکاندا بکەن و پردی پەیوەندی لەگەڵ شارەوانی و بەرپرسانی خۆجێیی دروست بکەن تا ببنە بەشێک لە پڕۆسەی بڕیاردان. لەگەڵ ئەوەشدا، راپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە، هەموو ئەو دامەزراوانە یەک سەرکردایەتییان نییە و ناکرێت بە شێوەیەکی گشتی بە نایاسایی لەقەڵەم بدرێن.

تەوەرێکی سەرەکیی بڕیارنامەکەی پەرلەمانی ئەوروپا بریتییە لە چاودێریکردنی سەرچاوەی دارایی ئەو رێکخراوانە؛ بەتایبەت ئەوانەی کە لە چەند وڵاتێکدا لقیان هەیە یان لە بودجەی گشتیی ئەوروپاوە هاوکاری دارایی وەردەگرن.

راپۆرتە ئەمنییەکان باس لەوە دەکەن، بەشێک لەم تۆڕانە بەخشینە داراییەکان و کارە بازرگانی و خێرخوازییەکانیان بەکار دەهێنن بۆ بەهێزکردنی پێگەی رێکخراوەیی خۆیان. بڕیارنامە نوێیەکە داوا دەکات پشکنینی ورد بۆ هەر لایەنێک بکرێت کە سوودمەند دەبێت لە پارەی گشتیی یەکێتیی ئەوروپا تا رێگری لە هەر پێشێلکارییەک بکرێت.

لە بەرامبەر ئەم هەنگاوەدا، کۆمیسیۆنی ئەوروپا رایگەیاندووە، چاودێریکردنی کۆمەڵگە مەدەنییەکان کاری حکوومەتە ناوخۆییەکانی وڵاتانی ئەندامە و جەختی لەوە کردووەتەوە، پێویستە پارێزگاری لە ئازادیی رادەربڕین، ئازادیی بیروباوەڕ و کاری رێکخراوەیی بکرێت بەپێی یاسا.

لەلایەکی دیکەشەوە، رێکخراوە مافپەروەرەکان هۆشداری دەدەن، نابێت فراوانکردنی گومانە ئەمنییەکان ببێتە هۆی فشار و پەراوێزخستنی کۆمەڵگە و ناوەندە ئیسلامییە سەربەخۆکان لە وڵاتانی ئەوروپادا، ئەمەش دەسەڵاتدارانی ئەوروپا دەخاتە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی ئاڵۆز لە نێوان جیاکردنەوەی "چالاکیی مەدەنیی یاسایی" و "دەستێوەردانی سیاسیی نایاسایی".

تێوەگلانی بابەتی ئایینی؛ ترەمپ هۆکاری ئاڵۆزییەکانی فەرەنسا بۆ گەشەی ئیسلام دەگەڕێنێتەوە

سێشەممە 6ـی تشرینی یەکەمی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس، ڕوانگەی خۆی سەبارەت بە ناڕەزایەتی و گرژییەکانی ئەم دواییەی فەرەنسا خستبووڕوو و نووسیبووی: ئەوەی لە فەرەنسا روودەدات، هیچی کەمتر نییە لە کۆچی بەکۆمەڵ کە بە تەواوەتی لە کۆنترۆڵ دەرچووە.

ترەمپ پەنجەی خستە سەر رەهەندی ئایینی و کولتووریی دۆخەکە و گوتی: ئەم بابەتە پەیوەندی بە قوتابخانەکانەوە نییە، بەڵکو پەیوەستە بەوەی کە ئیسلام دەیەوێت دەست بەسەر وڵاتێکدا بگرێت کە رۆژگارێک وڵاتێکی مەزن بوو.

بەپێی ئامارە فەرمییەکانی وەزارەتی ناوخۆی فەرەنسا، شەپۆلی ناڕەزایەتیی خوێندکاران کە دوو هەفتە لەمەوبەر لە گەڕەکە هەژارنشینەکانی دەوروبەری پاریسەوە دەستی پێکرد، ئەمڕۆ لە گەورەترین رۆژیدا سەرجەم شارە گەورەکانی لەوانە پاریس، لیۆن، ستراسبۆرگ، نانت و مارسیلیای گرتەوە. ناڕەزایەتییەکان بەهۆی کەمیی مامۆستا، خراپیی ژێرخانی قوتابخانەکان، زۆریی کاتژمێرەکانی خوێندن 8ی بەیانی تا 6ی ئێوارە و دابەزینی ئاستی خوێندن بەپێی ریزبەندیی نێودەوڵەتیی پیسا سەریهەڵداوە.

لە شارەکانی وەک لیۆن و ستراسبۆرگ، خۆپیشاندانەکان گرژیی توندیان بەخۆوە بینی؛ پۆلیسی دژەئاژاوە گازی فرمێسکڕێژی بەکارهێنا و لە بەرامبەردا بەشێک لە خۆپیشاندەران بەرد و تەنی تەقێنەریان هاویشت و ئاگریان لە شەقامەکاندا بەرپاد کرد. لە رووداوێکی دڵتەزێندا لە باکووری فەرەنسا، خوێندکارێکی تەمەن 15 ساڵان بەهۆی تەقینەوەی بۆمبی گازی فرمێسکڕێژ بە دەستیدا، بە سەختی بریندار بوو و مەچەکی پەڕی.

حکوومەتی فەرەنسا ئاشکرای کردبوو، لە دەستپێکی ئاڵۆزییەکانەوە تا ئێستا زیاتر لە 6 هەزار و 100 کەس دەستگیرکراون کە زۆرینەی هەرە زۆریان مێردمنداڵن، و زیاتر لە هەزار و 800 کەسیان رووبەڕووی دادگا کراونەتەوە. هاوکات لە پێکدادانەکاندا لانیکەم 715 ئەفسەر و پۆلیس و 215 خوێندکار بریندار بوون.

لە نێو هۆڵی پەرلەماندا، سێباستیان لێکۆرنۆ، سەرۆکوەزیرانی فەرەنسا، وێڕای ئیدانەکردنی توندوتیژییەکان گوتی: توندوتیژی لە دەرگای قوتابخانەکانی داوە و بە هیچ شێوەیەک قبووڵکراو نییە، بەڵام بەڵێنی دا کە بەدەم داواکارییە رەواکانی خوێندکارانەوە بچن بۆ پڕکردنەوەی کەمیی مامۆستایان و نۆژەنکردنەوەی بیناکان. لە بەرامبەردا، سەرکردە چەپەکانی وەک ژان لوک میلانشۆن چوونە نێو خۆپیشاندەران و پشتیوانیی خۆیان بۆ گەورەترین جووڵەی گەنجان لە ماوەی 50 ساڵی رابردوودا دەربڕی.

ئەم قەیرانە کۆمەڵایەتییە لە کاتێکی هەستیاردا رووبەڕووی حکوومەتی فەرەنسا بووەتەوە، کە تەنیا شەش مانگ پێش هەڵبژاردنی سەرۆکایەتییە و وڵاتەکە بەدەست کورتهێنانی گەورەی بودجە و بەرزبوونەوەی مێژوویی سوودی قەرزەکانەوە دەناڵێنێت؛ لە هەمان کاتدا مارین لۆپێن، کاندیدی راستڕەوی توندڕەو، پێشنیازی بڕینی 25 ملیار یۆرۆی ساڵانەی لە خەرجییەکانی دەوڵەت خستووەتەڕوو بۆ رزگارکردنی دارایی وڵات.

میدیا فەرمییەکانی ئێران رایانگەیاندبوو، وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکە "پیێر کۆشارد" باڵیۆزی فەرەنسای لە تاران بانگهێشت کردووە، وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە شێوازی مامەڵەی دەسەڵاتدارانی پاریس لەگەڵ ئەو خۆپیشاندەرانەی داوای چاکسازی لە کەرتی پەروەردە دەکەن.

ئێران دەسەڵاتدارانی فەرەنسای بە "مامەڵەی توندوتیژانە" بەرامبەر بە خۆپیشاندەران و ئەنجامدانی "پێشێلکاریی بەرفراوان و ئاشکرای مافەکانی مرۆڤ" تۆمەتبار کردووە، ئەوەش دوای ئەوە دێت لە چەند رۆژی رابردوودا ناڕەزایەتیی قوتابییان لە فەرەنسا توندوتیژی و پێکدادانی لەنێوان هێزە ئەمنییەکان و هەرزەکاراندا لێکەوتەوە.