پەرلەمانی عێراق لێکۆڵینەوە لە رووداوەکانی خورماتوو دەکات
داوا دەكرێت تاوانباران سزا بدرێن
K24 - ھەولێر
سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکانی شارۆچکەی خورماتوو پێکدەهێنێت.
پەرلەمانی عێراق لە دانیشتنی ئەمڕۆیدا دەنگیدا لەسەر پێکهێنانی لیژنەیەك بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکانی 16 ئۆکتۆبەری ساڵی رابردووی شارۆچکەی خورماتوو، بڕیاریشە ئەو کەسانەی لە پێشێلکارییەکان تێوەگلاون لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ بکرێت و دواتر تاوانباران سزابدرێن.
بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24، لیژنەکە لە هەریەك لە لیژنەی ئاسایش و بەرگریی، مافی مرۆڤ، کۆچ و کۆچبەران و راگەیاندن و رۆشنبیری پەرلەمانی عێراق پێکدێت.
هەروەها پەرلەمانی عێراق داوایکردووە، کاری بەپەلە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکانی ئەو شارۆچکەیە بکرێت.
لە 16 ئۆكتۆبەری 2017، چەكدارانی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق، كەركووك و خورماتوویان داگیر، بە گوێرەی چەند راپۆرتێكی رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ و گوتەی شایەتحاڵەكان، چەكدارانی حەشدی شەعبی چەندین پێشێلكاریان بەرامبەر بە ھاووڵاتیانی خورماتوو كردووە.