ھاوپەیمانی دیموكراسی و دادپەروەری كۆنگرە دەبەستێت
پەیرە و بەرنامەی حزبەكە پەسەند دەكرێت
K24 - ھەولێر
بڕیارە ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی، ھاوپەیمانی دیموکراسی و دادپەروەری كە بریتییە لە حزبە نوێكەی بەرھەم ساڵح، كۆنگرەی دامەزراندن ببەستێت، بە پێی رێنماییەكانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەكانی عێراق، پەیرە و بەرنامەی حزبەكەی پەسەند بكات.
رێبوار كەریم مەحموود، گوتەبێژی ھاوپەیمانی دیموكراسی و دادپەروەری بە میدیای حزبەكەی گوتووە: "لە كۆنگرەی ئەمرۆدا پەیڕەوی ناوخۆ و بەرنامەی کار پەسەند دەکرێت، ھاوکات سەرۆکی ھاوپەیمانی دیموکراسی و دادپەروەرییش ھەڵدەبژێردرێت".
پەیامنێری كوردستان24 لە سلێمانی رایگەیاند: "لە كۆنگرەی یەكەمی ھاوپەیمانی دیموكراسی و دادپەروەری 500 ئەندام بەشدار دەبن، لە كۆنگرەكەدا لە ناوچە جیاجیاكان ئەنجوومەنی 40 كەسی ھەڵدەبژێدرێت، لە نێو ئەو 40 كەسەشدا ئەنجوومەنێكی 15 كەسی بۆ بەڕێوەبردنی حزبەكە ھەڵدەبژێردرێت".
ساڵی رابردوو، بەرھەم ساڵح، جێگری دووەمی سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان جیابوونەوەی خۆی لە یەكێتی راگەیاند و قەوارەی ھاوپەیمانی دیموكراسی و دادپەروەری راگەیاند.
قەوارەی ھاوپەیمانی دیموكراسی و دادپەروەری لە 16/9/2017، لە كۆمسیۆنی ھەڵبژاردنی باڵای سەربەخۆی و راپرسی ناوخۆی تۆماركرد، ھەروەھا لە 21/12/2017، مۆڵەتی كاركردنی لە كۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەكانی عێراق وەرگرت.
ھ.م
