"هه‌ڕه‌شه گه‌وره‌كه‌ی سه‌ر ئه‌مریكا نزیك ده‌بێته‌وه"
سه‌رۆكی CIA: ماوه‌یه‌كی دیكه كۆریای باكوور ده‌توانێت به چه‌كی ئه‌تۆمی له قوڵایی خاكی ئه‌مریكا بدات
K24 - هه‌ولێر:
مایك پۆمپیۆ، سه‌رۆكی ئاژانسی هه‌واڵگریی ناوه‌ندیی ئه‌مریكا (CIA) پێیوایه، كۆریای باكوور له ماوه‌ی چه‌ند مانگی داهاتوودا توانای ئه‌وه‌ی ده‌بێت به چه‌كی ئه‌تۆمی له قوڵایی خاكی ئه‌مریكا بدات.
پۆمپیۆ به كه‌ناڵی CBSـی گوتووه: "كۆریای باكوور ده‌گاته ئه‌و ئاسته و پێش چه‌ند مانگێكیش هه‌مان قسه‌م كردووه‌ته‌وه، به‌ڵام هیوادارم پێشبینییه‌كانم راست ده‌رنه‌چن و دوای ساڵێكی دیكه‌ش هه‌مان ئه‌و قسانه دووباره بكه‌مه‌وه".
سه‌رۆكی ئاژانسی هه‌واڵگریی ناوه‌ندیی ئه‌مریكا گوتوویه‌تی: "بۆ ئه‌و مه‌به‌سته ئه‌مریكا هه‌موو هه‌وڵێك ده‌دات تا ئه‌و ماوه‌یه درێژبكاته‌وه یان كۆتایی به‌و هه‌ڕه‌شه‌یه بهێنێ".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه كه "ئه‌مریكا ده‌توانێت به دڵنیاییه‌وه بڵێت، كۆریای باكوور به‌رده‌وامه له په‌ره‌پێدان به پرۆگرامی مووشه‌كه ئه‌تۆمییه‌كانی، له كاتێكدا واشنتن نازانێت له‌ناوخۆی كۆریای باكوور چی رووده‌دات".
ته‌ئكیدی كردووه‌ته‌وه، چه‌كه ئه‌تۆمییه‌كانی كۆریای باكوور به‌رده‌وام په‌ره‌ی پێده‌درێ و چالاكی و ھێزی ئه‌و چه‌كه به‌رده‌وام زیاد ده‌بێت.
به‌ڵام گۆڤاری نیووزویكی ئه‌مریكی له‌سه‌ر لێدوانه‌كه‌ی پۆمپیۆی نوسیووه "توانایی پیۆنگ یانگ له بواری چه‌كی ئه‌تۆمی، مانای ئه‌وه نییه كارێكی له‌و جۆره ده‌كات و ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا ده‌كاته ئامانج".
چونكه زۆرێك له شاره‌زایان گه‌یشتوونه‌ته ئه‌و باوه‌ڕه‌ی، كیم جۆنگ ئون، سه‌رۆكی كۆریای باكوور، چه‌كی ئه‌تۆمی ته‌نها بۆ به‌رگریكردن ده‌وێت نه‌ك دژی ئه‌مریكا به‌كاریبهێنێت و ئه‌و وڵاته به‌ته‌واوه‌تی وێران بكات.