چاوشئۆغڵۆ: نامانه‌وێت به گژ رووسيا و سووريا و ئه‌مريكادا بچين
"توركيا له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى "تيرۆر" پاشه‌كشێ ناكات"
K24 – هه‌ولێر:
وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى توركيا مه‌ولود چاوشئۆغڵۆ، رايگه‌ياند، توركيا نايه‌وێت رووبه‌ڕووى هيچ لايه‌ك له سووريا ببێته‌وه، به‌ڵام له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى "تيرۆر" پاشه‌كشێ ناكات.
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه چاوشئۆغڵۆ گوتيشى: "تيرۆريستان له منبجه‌وه به‌رده‌وام بوونه‌ته هه‌ڕه‌شه و ئه‌گه‌ر ئه‌مريكا ئه‌و هه‌ڕه‌شانه رانه‌گرێت، ئێمه خۆمان چاريان ده‌كه‌ين".
هه‌روه‌ها گوتى: "داهاتووى په‌يوه‌ندييه‌كانمان له‌گه‌ڵ ئه‌مريكا په‌يوه‌سته به‌و هه‌نگاوانه‌ى ئه‌مريكا له‌و باره‌يه‌وه دهيانێت".
ئه‌مريكا له رۆژئاواى رووبار‌ى فورات به‌رده‌وامه له پشتيوانيكردنى هێزه‌كانى سوورياى ديموكرات (هه‌سه‌ده)، كه توركيا به "تيرۆريست" ناويان ده‌بات.
پشتيوانييه‌كانى ئه‌مريكا بۆ هه‌سه‌ده بوونه‌ته سه‌رچاوه‌ى توڕه‌يى و نيگه‌رانى توركيا.
چاوشئۆغڵۆ، كه ئێستا به سه‌ردانێك له پاريسه له به‌رايى كۆبوونه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مريكا ريكس تيلرسن رايشيگه‌ياند، "ئێمه له سووريا نامانه‌وێت بچين به گژ رووسيا و سوپاى سووريا و ئه‌مريكادا، به‌ڵام به‌ره‌نگارى رێكخراوه تيرۆريستييه‌كان ده‌بينه‌وه و ئێمه له كه‌س ناترسين و نامانه‌وێت كه‌س هه‌ڕه‌شه‌مان لێبكات".
دواى ئه‌و لێدوانانه‌ى وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى توركيا له‌گه‌ڵ هاوتا ئهمريكييهكهى له پاريس كۆبوه‌وه.
بڕياره سبه‌ى سه‌رۆكى توركيا ره‌جه‌ب ته‌يب ئه‌ردۆغان و سه‌رۆكى ئه‌مريكا دۆناڵد تره‌مپ له رێى ته‌له‌فۆنه‌وه په‌يوه‌ندى به‌يه‌كه‌وه بكه‌ن و ره‌وشى سووريا و ئۆپراسيۆنى سوپاى توركيا بۆ سه‌ر عفرين تاوتوێ بكه‌ن.