یەكێتی وادەی كۆنگرە دیار دەكات

سەركردایەتی یەكێتی خۆی یەكلایی دەكاتەوە

K24 - سلێمانی

بڕیارە ئەمڕۆ، ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، كۆببێتەوە و رۆژی بەستنی گۆنگرەی حزبەكەیان دیار بكەن.

پەیامنێری كوردستان24 لە سلێمانی رایگەیاند: "بڕیارە ئەمرۆ ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی بە سەرپەرشتی كۆسرەت رەسوڵ، جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی كۆببێتەوە، مەبەستی كۆبوونەوەكەش بڕیاردانە لە دیاركردنی رۆژی بەستنی كۆنگرەی حزبەكە".

كۆكردنەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی، دوایی كۆچی دوایی مام جەلال، و پەرەسەندنی كێشەناوخۆییەكانی یەكێتی بووەتە كارێكی ئەستەم، پاش چەندین ھەوڵ دوایین جار 4/11/2017، ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی كۆبووەوە و لە كۆبوونەوەكەدا مەكتەبی سیاسی حزبەكە ھەڵوەشێندرایەوە، لە دوای نەخۆشكەوتنی كۆسرەت رەسوڵ، تا ئێستا سەركردایەتی یەكێتی نەیتوانیووە كۆببێتەوە.

پێشتر هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی و هاوسەری مام جەلال، راگەیاندبوو کە رۆژی 7 ئاداری ساڵی 2018 رۆژی به‌ستنی كۆنگره‌ی چواره‌می یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان دەبێت، بەڵام دواتر چەند سەركردەیەكی یەكێتی، ئاماژەیان بۆ ئەوەكرد كە ئەو قسەیە تەنھا پێشنیازە و بۆ دیاركردنی رۆژی كۆنگرە دەبێ ئەنجوومەنی سەركردایەتی بە ئامادەبوونی كۆسرەت رەسوڵ، جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی كۆببێتەوە.