نێچیرڤان بارزانى و جێگرى سكرتێرى گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان گفتوگۆی نێوان ھەولێر و بەغدا تاوتوێ دەكەن

"ھەرێمی كوردستان لە پرسی ئاوارە و پەنابەراندا خزمەتی زۆری پێشكەشكردووە"

K24 - ھەولێر

له‌ په‌راوێزى به‌شداریكردنى له‌ كۆڕبه‌ندى ئابووری جیهاندا، نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان له‌ داڤۆس، له‌گه‌ڵ جێفرى فێلتمان، جێگرى سكرتێرى گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ كاروبارى سیاسى، كۆبوونەوە و تیشكیان خستەسەر دوایین پێشھاتەكانی عێراق بەگشتی و گفتوگۆی نێوان حكومەتی ھەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق بە تایبەتی.

بە گوێرەی ماڵپەڕی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی كوردستان: "لە كۆبوونەوەكەدا نێچیرڤان بارزانى، پوخته‌یه‌كى ده‌رباره‌ى كارى ئه‌و لیژنه‌ ته‌كنیكیانه‌ پێشكه‌ش كرد كه‌ له‌نێوان حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى فیدراڵى عێراقدا بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان ده‌ستیان به‌كار كردووه‌، باسى له‌ دوایین سه‌ردانى خۆشى بۆ به‌غدا كرد و دووپاتىكرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان پابه‌ندى دیالۆگ و چاره‌سه‌رى كێشه‌كانه‌ له‌ چوارچێوه‌ى ده‌ستوورى عێراقدا".

سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان، له‌باره‌ى ئاواره‌كانیشه‌وه‌ ئەوەی خستەروو: "هه‌رێمى كوردستان له‌ پرسى ئاواره‌ و په‌نابه‌راندا هاوكارییه‌كى زۆرى پێشكه‌ش كردووه‌ و به‌شدارى و هاوكاریكردنى هه‌رێمى كوردستانى له‌ كۆنگره‌ى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى عێراقدا له‌ كوێت به‌ پێویست زانى".

 چۆنیه‌تیى پێشكه‌شكردنى ئاسانكارى بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ى ئاواره‌كان، یارمه‌تییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان بۆ كریستیان و ئێزدییه‌كان و به‌رده‌وامیى ئه‌و ھاوكاریانە‌، لایه‌نێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.