ھەرێمی كوردستان و فلاندەرز جەخت لە بەھێزكردنی پەیوەندییەكان دەكەنەوە
سەرۆك وەزیرانی فلاندەرز و نوێنەری حكومەتی ھەرێمی كوردستان لە یەكێتی ئەوروپا كۆبوونەوە
K24 - ھەولێر
لە دیدارێكدا نوێنەری حكومەتی ھەرێمی كوردستان لە یەكێتی ئەوروپا و سەرۆك وەزیرانی ھەرێمی فلاندەرزی بەلجیكا، جەختیان لە بەھێزكردنی پەیوەندییەكانی ھەردوولا كردەوە.
دلاوەر خالید ئاژگەیی، نوێنەری حكومەتی ھەرێمی كوردستان لە یەكێتی ئەوروپا، لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك بڵاویكردەوە: "ئەو دیدارە لەسەر بانگێشتی فەرمی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی فلاندەرزی بەلجیکا رێكخرابوو، خێرت بۆرژوا، سەرۆكوەزیرانی فلاندەرز و شاندی یاوەری، پشتیوانی و هاوسۆزی خۆیان بۆ هەرێمی کوردستان و گەلی کوردستان دووپاتکردەوە".
ئەوەشی خستووەتەڕوو: "لە دیدارەکە هەرێمی فلاندەرزی بەلجیکا پتەوكردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بە گرنگ زانی، بە تایبەتی لە رووی ئابووری و بازرگانی".
پێشتر ھەرێمی فلاندەرز، لە شەڕی دژی داعش هاوکاری هەرێمی کوردستانی کردووە و بڕیاریشە بۆرژوا، سەرۆکوەزیرانی ئەو ھەرێمە لە پەراوێزی کۆڕبەندی ئابووری لە داڤۆس چاوی بە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بكەوێت.


