"پێشتر ئانچیلۆتی و بێنیتێز به‌هۆی ڤالێنسیا ده‌ركران"
زێدان ده‌بێته سێیه‌م راهێنه‌ر؟
یانه‌ی ریال مه‌درید ئه‌مشه‌و له یاریگه‌ی مێستایا ده‌بێته میوانی یانه‌ی ڤالێنسیا، ئه‌مه‌ش له كاتێكدایه كه پێشتر 2 راهێنه‌ری پێشووی ریال مه‌درید به‌هۆی ئه‌نجامه خراپه‌كه‌یان له‌م یاریگه دوورخراونه‌ته‌وه.
ئه‌مڕۆ شه‌ممه، 27 یه‌نایه‌ری 2018، پێگه‌ی گۆڵی وه‌رزشی راپۆرتێكی له باره‌ی ئه‌نجامه‌كانی ریال مه‌درید به‌رامبه‌ر ڤالێنسیا بڵاو كردۆته‌وه و تێیدا ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كردووه به شێوه‌یه‌كی ناراسته‌وخۆ دوو راهێنه‌ری پێشووی ریال مه‌درید به‌هۆی ڤالێنسیا دوورخراونه‌ته‌وه.
ریال مه‌درید له‌وه‌ته‌ی 2013ـه‌وه له‌م یاریگه‌یه ئه‌نجامێكی دڵخۆشكه‌ری به‌ده‌ستنه‌هێناوه، له وه‌رزی 2014 ـ 2015، ڤالێنسیا سه‌ركه‌وتنه‌كانی ریال مه‌دریدی راگرت كه ماوه‌ی 22 یاری بوو له سه‌رجه‌م پاڵه‌وانێتییه‌كان نه‌دۆڕا بوو، كاتێك له 4 یه‌نایه‌ری 2014 یارییه‌كه‌ی به 2 گۆڵ به‌رامبه‌ر تاكه گۆڵێك دۆڕاند، ئه‌مه‌ش بووه هۆكار كه ئه‌نجامه‌كانی ریال مه‌درید به‌ره‌و لێژی و خراپی بڕوات، راسته‌وخۆ له جامی شای ئیسپانیا به‌رامبه‌ر ئاتڵێتیكۆ مه‌درید دۆڕا، له لالیگا به‌رامبه‌ر ڤیاریال یه‌كسانبوون دواتر به‌رامبه‌ر ئاتڵێتك بلباو دیسان شكست بووه به‌شی، پاشان له كلاسیكۆش دۆڕا.
ئه‌نجامه خراپه‌كانی ریال مه‌درید له دوای دۆڕانه‌كه‌یان به‌رامبه‌ر ڤالێنسیا به‌رده‌وامی هه‌بوو، به‌هۆیه‌وه له قۆناخی پێشكۆتایی چامپیۆنزلیگ له‌سه‌ر ده‌ستی یوڤێنتۆس كرایه ده‌ره‌وه، به‌مه‌ش كارلۆ ئانچیلۆتی دوورخرایه‌وه و رافایل بێنیتێز شوێنی گرته‌وه.
له وه‌رزی 2015 ـ 2016 رافایل بێنێتێز له‌گه‌ڵ سپۆرتینگ خیخۆن یه‌كسانبوون، پاشان له كلاسیكۆ به 4 گۆڵی خاوێن به بارسێلۆنا دۆڕا، به‌ڵام فلۆرێنتینیۆ پێرێزی سه‌رۆكی ریال مه‌درید یه‌ك دوایین ده‌رفه‌تی بینیتێزی بۆ یاری داهاتوویان به‌رامبه‌ر ڤالێنسیا هه‌ڵگرت، به‌ڵام ئه‌نجامه‌كه به‌دڵی ریال مه‌درید نه‌بوو، چونكه یارییه‌كه به 2 گۆڵ بۆ هه‌ر لایه‌كیان یه‌كسانبوو، ئه‌مه‌ش پێرێزی سه‌رۆكی ناچار كرد نامه‌ی ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه به بێنیتێز بنووسێت و زێدان هاته شوێنه‌كه‌ی.
كاتێك رافایل بێنێتز له ریال مه‌درید رۆیشت یانه‌ی ریال مه‌درید له پله‌ی سێیه‌م بوو، به جیاوازی 5 خاڵ له یانه‌ی بارسێلۆنای پێشه‌نگ دوور بوو، به‌ڵام ئێستا ریال مه‌درید له‌سه‌ر ده‌می زێدان له خانه‌ی چواره‌م دێت و به جیاوازی 19 خاڵ له یانه‌ی بارسێلۆنای پێشه‌نگ دوور كه‌وتۆته‌وه و له جامی شا ماڵئاواییكردووه و له چامپیۆنزلیگیش به پله‌ی دووه‌م گه‌یشته قۆناخی شازده‌ی پاڵه‌وانێتییه‌كه، ئه‌گه‌ر ئه‌مشه‌و ریال مه‌درید ئه‌نجامێكی خراپ له یاریگه‌ی مێستایا دووباره بكاته‌وه، ده‌بێت چاره‌نووسی زێدان چی لێ بێت؟
یانه‌ی ڤالێنسیا ئه‌مشه‌و له كاتژمێر 6:15 خوله‌كی ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ له یاریگه‌ی مێستایا میوانداریی ریال مه‌درید ده‌كات.