هەورامانی: زەمینەیەکی زۆر باش بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێ هاتووەتە ئاراوە
ئەمڕۆ چوارشەممە، 16ـی ئەیلوولی 2026، ئەنجوومەنی وەزیران بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران کۆبووەوە. پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئەنجامی کۆبوونەوەکەی خستەڕوو.
بەشێکی قسەکانی گوتەبێژی حکوومەت:
- پشکی راستەقینەی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی فیدراڵی پێویستە 14% بێت نەک 12.67% کە پێچەوانەی ئەو سەرژمێرییە کە بەغدا خۆی ئەنجامی داوە، بۆیە بە تەواوی رەتیدەکەینەوە.
- پێویستە مووچەی فەرمانبەرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی فیدراڵ گەرەنتی بکرێت و لە هەموو کێشە سیاسییەکان جیا بکرێتەوە.
- ئێستا زیاتر لە یەک ملیۆن مووچەخۆر لە رێگەی پڕۆژەی "هەژماری من"ـەوە وەردەگرێت و سەردەمی نۆرەگرتنی دوورودرێژ بۆ وەرگرتنی مووچە کۆتایی هاتووە.
- پێویستە وەزیری پلاندانانی عێراق بانگهێشتی پەرلەمان بکرێت لەبارەی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی فیدراڵ.
- سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی لەبارەی پێکهێنانی حکوومەت کۆبوونەتەوە؛ لێکنزیکبوونەوەیەکی زۆر باش لە نێوان پارتی و یەکێتی هەیە. ئێستا زەمینەیەکی زۆر باش بۆ پێکهێنانی حکوومەت هەیە.
- شاندی حکوومەت کە چووە بەغدا کێشەی بەنزین لەگەڵ شاندی حکوومەتی فیدراڵ تاوتوێ دەکات و پێویستە 50 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بۆمان زیاد بکەن. کێشەکە، کێشەیەکی کاتییە و هەوڵی چارەکردنی دەدەین.
- ئەو فەرمانبەرانەی لە وەزارەتی پەروەردە یان خوێندنی باڵا دامەزراون لەسەر داهاتی ناوخۆ و بەهەر هۆکارێک وازییان لە کارەکانیان هێناوە؛ بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران دەکرێت شوێنەکانییان پڕ بکرێتەوە.
نوێ دەکرێتەوە..