فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی توركیا ناوچه‌ سنوورییه‌كانی باشووری كوردستان بۆردومان ده‌كه‌ن

سوپاسالاری توركیا: له‌ هێرشه‌ ئاسمانییه‌كاندا 8 بنكه‌ی په‌كه‌كه‌مان كردۆته‌ ئامانج

K24- هه‌ولێر:

سوپاسالاری توركیا له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند، فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانیان 8 بنكه‌ و باره‌گای پارتی كرێكارانی كوردستان په‌كه‌كه‌یان له‌ ناوچه‌كانی زاب، ئاڤاشین - باسیان و خواكوڕك له‌ناو خاكی هه‌رێمی كوردستان بۆردومان كردووه‌.

له‌ به‌یاننامه‌كه‌ی سوپاسالاری توركیادا هاتووه‌، "زانیاریمان هه‌بووه‌، كه‌ گه‌ریلاكانی په‌كه‌كه‌ به‌نیاز بوون له‌و بنكانه‌وه‌ هێرشی ناو خاكی توركیا بكه‌ن"، به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ ورده‌كارییه‌ك له‌باره‌ی زیانه‌كانی په‌كه‌كه‌ له‌و هێرشانه‌دا بخاته‌ روو.

له‌ به‌رامبه‌ریشدا تائێستا په‌كه‌كه‌ هیچ راگه‌یه‌ندراوێكی له‌باره‌ی ئه‌و هێرشانه‌ بڵاو نه‌كردۆته‌وه‌.

ئه‌و هێرشه‌ ئاسمانیانه‌ش هاوكاتن له‌گه‌ڵ كرده‌ سه‌ربازییه‌كانی توركیا به‌ناوی ئۆپه‌راسیۆنی "چڵه‌ زه‌یتوون" له‌ دژی یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل یه‌په‌گه‌ بۆ سه‌ر شاری عه‌فرینی رۆژئاوای كوردستان.

له‌و كاته‌وه‌ی پرۆسه‌ی ئاشتی له‌ توركیا شكستی هێناوه‌، رۆژانه‌ هێزه‌ ئاسمانییه‌كانی ئه‌و وڵاته‌ به‌پاساوی بوونی گه‌ریلاكانی په‌كه‌كه‌، ناوچه‌ سنوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بۆردومان ده‌كه‌ن، چه‌ندین جاریش زیانی گیانی و ماددی به‌دواوه‌ بووه‌، وێڕای چۆڵكردنی رووبه‌رێكی فراوانی ئه‌و ناوچانه‌ له‌ ترسی هێرشه‌ ئاسمانییه‌كان.

به‌ر له‌ دوو رۆژ، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردوغان سه‌رۆك كۆماری توركیا جه‌ختی كردبۆوه‌، كرده‌ سه‌ربازییه‌كانمان له‌چوارچێوه‌ی رۆژئاوای كوردستان ناهێڵینه‌وه‌ و، به‌شێك له‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌مان بۆ لێدانی په‌كه‌كه‌ ده‌گوازینه‌وه‌ ناو خاكی هه‌رێمی كوردستانیش.