بارسێلۆنا بەفەرمی چوارەم یاریزانی لەم زستانە بەڕێکرد
دیۆلۆفیۆ تا کۆتایی ئەم وەرزە روویکردە ریزەکانی واتفۆردی ئینگلیزی
K24- هەولێر
بارسێلۆنا بەفەرمی جیرارد دیۆلۆفیۆی بە خواستن بەرەو واتفۆردی ئینگلیزی بەڕێکرد.
یانەی واتفۆردی ئینگلیزی لە ماڵپەڕی فەرمی خۆیەوە رایگەیاندووە، دیۆلۆفیۆ تا کۆتایی ئەم وەرزە بە خواستن لە ریزی یانەکەیان یاریی دەکات و یانە ئینگلیزییەکە مووچەی یاریزانە ئیسپانییەکە دەدات و ملیۆنێک یۆرۆش وەکو پاداشت بەپێی ئاستی یاریکردنی بە بارسێلۆنا دەدات.
دیۆلۆفیۆی 23 ساڵان پێشتر لە پرێمەرلیگ یاریی بۆ ئێڤەرتۆنیش کردووە، بەڵام هاوینی رابردوو کە بە خواستن یاریی بۆ ئەیسی میلان دەکرد، بارسێلۆنا گەڕاندییەوە ریزەکانی.
دیۆلۆفیۆ لەگەڵ ئێڤەرتۆن لە پرێمەرلیگ بەشداریی 62 یاریی کردووە و پێنج گۆڵی لە خولەکە کردووە، بەڵام لەم وەرزە کەمتر یاریی پێدەکرا و ڤالڤێردی بە تواناکانی رازی نەبوو.
دیۆلۆفیۆ دوای رافینها ئالکانتارا و ئاردا تووران و خاڤیێر ماسکیرانۆ دەبێتە چوارەم یاریزان لەم زستانە بارسێلۆنا بەجێبهێڵن.