"عەبادی بەڵێنی ناردنی مووچەی ھەرێمی كوردستانیدا"
دەبێ ئاوارەكانی خورماتوو بگەڕێنەوە ناوچەكانیان
K24 - بەغدا
لە كۆبوونەوەی لەگەڵ فراكسیۆنە كوردستانییەكان لە پەرلەمانی عێراق، حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق، بەڵێنیداوە بەم نزیكانە رەزامەندی لەسەر خەرجكردنی مووچەی ھەردوو وەزارەتی تەندروستی و پەروەردی ھەرێمی كوردستان دەدات.
مەسعوود حەیدەر، پەرلەمانتاری کورد لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24 راگەیاند: "حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ فراکسیۆنە کوردستانییەکان ئەوەی خستەڕوو، بەمنزیکانە بڕیار لەسەر خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی وەزارەتەکانی تەندروستی و پەروەردەی هەرێمی کوردستان دەدات".
گوتیشی: "ئەو 250 ملیار دینارەی دیاریکراوە، بۆ مووچەی فەرمانبەرانی وەزارەتی تەندروستی و پەروەردەی هەرێمی کوردستانە".
سەبارەت بە کەرکووك و خورماتوو ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەدا،عەبادی پێی راگەیاندون ئەوەی لە خورماتوو روویداوە کارێکی هەڵەبووە و دەبێت دانیشتوانی ئەو شارۆچکەیە بە زووترین کات بگەڕێنەوە ناوچەکانیان.