نەوتی کەرکووك هەناردەی ئێران دەکرێت

ھێزێك بۆ پاراستنی بۆری نەوتی کەرکووك دابین دەكرێت

K24 - ھەولێر

عێراق پلانی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی داناوە بۆ دابینکردنی ئاسایشی ئەو ناوچە سنوریانەی کە بۆری نەوتی کەرکووکی پێدا ھەناردەی ئێران دەکات.

دوو بەرپرسی باڵای عێراق، بە ئاژانسی ھەواڵی رۆیتەرزیان راگەیاندووە، لە چەند رۆژی داھاتوودا ئۆپەراسیۆنێکی فراوان دەست پێدەکەن کە لە زنجیرە چیاکانی حەمرینەوە دەست پێدەکات تاوەکو شارۆچکەی خانەقین و سنوورەکانی ئێران.

وەك ئاشكرا كراوە، ئامانجی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکە نەھێشتنی ھەڕەشەی ئەو گرووپە چەکدارانەیە کە ناوبەناو لە ناوچەکەدا دەردەکەون. بە مەبەستی پاککردنەوە و دابینکردنی ئاسایشی ئەو ھێڵەی کە بڕیارە بۆری نەوتی کەرکووکی پێدا بەرەو ئێران تێپەرێت.

ئامادەکارییەکانی ئەم ئۆپەراسیۆنە لەکاتێکدایە کە كانوونی یەكەمی ساڵی 2017 وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند بوو، نەوتی کەرکووك رەوانەی پاڵێوگەکانی کرماشان دەکەن.