رووسيا ته‌رمى فڕۆكه‌وانه‌كه‌ى له ئيدلب وه‌رگرته‌وه
له رێى ده‌زگاى هه‌واڵگرى وڵاته‌كه‌يه‌وه به هاوكارى هه‌واڵگرى توركيا توانيويانه ته‌رمى فڕۆكه‌وانه‌كه‌يان ده‌ستبكه‌وێته‌وه
K24 – هه‌ولێر:
وه‌زاره‌تى به‌رگرى رووسيا رايگه‌ياند، له رێى ده‌زگاى هه‌واڵگرى وڵاته‌كه‌يه‌وه به هاوكارى هه‌واڵگرى توركيا توانيويانه ته‌رمى فڕۆكه‌وانه‌كه‌يان ده‌ستبكه‌وێته‌وه.
رۆمان ڤيليبۆڤ، فڕۆكه‌وانى رووسيى، رۆژى شه‌ممه‌ى سه‌ره‌تاى ئه‌م هه‌فته‌يه به هۆى تێكشكانى فڕۆكه‌كه‌ى، له ئاسمانى ئيدلب به په‌ڕه‌شوت خۆى هه‌ڵدايه خواره‌وه و دواى رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى چه‌كداره ميليشياكانى ناوچه‌كه به نارنجۆكى ده‌ستى خۆى ته‌قانده‌وه.
بڕياره وه‌زاره‌تى به‌رگرى رووسيا ته‌رمى ڤيليبۆڤ، له رۆژى 8ى ئه‌م مانگه له رێوڕه‌سمێكى سه‌ربازيدا به‌خاك بسپێردرێت.
له به‌ياننامه‌يه‌كدا، وه‌زاره‌تى به‌رگرى رووسيا باسى له‌وه‌شكردووه، ڤيليبۆڤ، فڕۆكه‌وانێكى به ئه‌زموون بووه و له شه‌ڕى دژ به تيرۆردا له سووريا به‌شدارى كردووه.
فڕۆكه رووسييه‌كه له جۆرى سوخۆى 25 بووه و به گوێره‌ى زانيارى ميليشياكانى سووريا به مووشه‌كى زه‌وى – ئاسمان تێكشكێنراوه.