یەكێتی كۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەكانی پەكخست
لایەنەكان خۆیان بۆ یەك لیستی ئامادە دەكەن
K24 - ھەولێر
بەھۆی ئامادەنەبوونی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، كۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەكان، بۆ ئامادەكاری یەك لیستی لە ھەڵبژاردنەكانی عێراق دواخرا.
پەیامنێری كوردستان24 رایگەیاند: "ئەمرۆ مەكتەبی ھەڵبژاردنەكانی لایەنە سیاسییەكانی ھەرێمی كوردستان، بە مەبەستی تاوتوێكردنی یەك لیستی لایەنە كوردییەكان بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق. بڕیار بوو لە شاری ھەولێر كۆبوونەوەیەك ئەنجام بدەن، بۆ ئەوەی رەوشی پرۆسەی ھەڵبژاردن لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی كوردستان تاوتوێ بكەن و بەیەك لیست بەشداری ھەلبژاردنەكان بكەن، بەڵام بەھۆی ئامادە نەبوونی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، كۆبوونەوەكە بۆ كاتێكی نادیار دواخرا".
بەھمەن عەبدوڵڵا، ئەندامی دەستەی سەرۆكایەتی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان بە كوردستان24 ی گوت: "بەھۆی ئامادەنەبوونی یەكێتی كۆبوونەوەكە نەكراوە و لایەنەكانی دیكە داوایان كردووە، ھەر بڕیارێك لەوبارەوە بدرێت پێویستە بە كۆدەنگی بێت".
لە كاتی گەیشتنی بۆ شوێنی كۆبوونەوەكە، خەسرۆ گۆران، بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە كوردستان24 راگەیاند: "پارتی ھەر لە سەرتاوە داوای کرد کورد بە یەك لیست لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی كوردستان بەشداری ھەڵبژاردنەکان بکەن، بەڵام لایەنەكان لەسەر ئەو پێشنیازە رێك نەكەوتن".