"گۆڕان و كۆمەڵ و ھاوپەیمانی بەبیانوو كۆبوونەوەی لایەنەكانیان جێھێشت"

ھۆكاری سەرەكی ئەنجامنەدانی كۆبووەنەوەی لایەنەكان ئەو سێ لایەنە بوون

K24 - ھەولێر

بڕیار بوو ئەمڕۆ لایەنە سیاسییەكانی ھەرێمی كوردستان، بە مەبەستی تاوتوێكردنی یەك لیستی لایەنە كوردییەكان بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق. لە شاری ھەولێر كۆببنەوە، بەڵام بە بیانووی ئامادەنەبوونی نوێنەری یەكێتی كۆبوونەوەكە دواخرا، بەشداربووێكی كۆبوونەوەكەش دەڵێ"ھۆكاری سەرەكی ئەنجامنەدانی كۆبوونەوەكە گۆڕان و كۆمەڵ و ھاپەیمانی بوون و یەكێتیان كردە بیانوو".

سەلام كەریم، بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنی بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان بە كوردستان24 راگەیاند: "ھۆكاری راستەقینەی ئەنجامنەدانی كۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەكانی ھەرێمی كوردستان، بە مەبەستی یەك لیستی بۆ ھەڵبژاردنەكانی عێراق، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، كە بزووتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی و ھاوپەیمانی دیموكراسی و دادپەروەری، رێككەوتنیان لەنێوان ھەیە بۆ بەشداریكردن لە ھەڵبژاردنەكان، لە قسەكانیان دیاربوو، چونكە دەیانگوت كاتەكە درەنگە بۆ ھاوپەیمانیەتی كورد، ئەوەیان كرد بە بیانوو كە یەكێتی بەشداری لە كۆبوونەوەكە نەكردووە، دواتر ئەو سێ لایەنە كۆبوونەوەكەیان جێھێشت".

جەختیكردەوە: "ھۆكاری سەرەكی ئەوەیە كە ئەو سێ لایەنە نەیاندەویست بێنە ناو ھاوپەیمانی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان و یەك لیستی كورد".