دۆخی ئه‌منی كه‌ركووك له‌كۆنترۆڵی هێزه ئه‌منییه‌كان ده‌رچووه
"كوشتن و رفاندن ته‌نگی به خه‌ڵكی كه‌ركووك هه‌ڵچنیوه و رۆژانه چه‌ندین تاوان تۆمارده‌كرێن"
K24- هه‌ولێر:
به‌گوێره‌ی سه‌رچاوه ناوخۆییه‌كانی شاری كه‌ركووك، رۆژبه‌ڕۆژ توندوتیژی و تاوانی كوشتن و رفاندن و ته‌قینه‌وه‌ی زیاتر له شاری كه‌ركووك به‌دی ده‌كرێت، دۆخه‌كه به‌شێوه‌یه‌ك مه‌ترسیدار بووه، داوای به‌هاناوه‌هاتنی هه‌رچی زووی حكومه‌ت و لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانی عێراق ده‌كرێت.
له‌مباره‌یه‌وه، شێخ موه‌فه‌ق عوبێدی شێخێكی دیاری ئه‌و پارێزگایه له لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا جه‌ختی كرده‌وه، "به‌ڕێوه‌بردنی دۆسیه‌ی ئه‌منی شاری كه‌ركووك تووشی شكستێكی گه‌وره و ئاشكرا بووه" و گوتی: "خه‌ریكه ته‌قینه‌وه و كرده‌وه‌ی كوشتن و رفاندن ته‌نگ به خه‌ڵكی شاره‌كه هه‌ڵده‌چنێت و، رۆژانه چه‌ندین تاوانی جۆراوجۆر تۆمارده‌كرێن و دۆخه‌كه له توانا و كۆنترۆڵی هێزه ئه‌منییه‌كان ده‌رچووه".
عوبێدی ئاشكراشیكرد، "ئه‌و هێزانه‌ی له به‌ڕێوه‌بردنی دۆسیه‌ی ئه‌منی كه‌ركووك به‌رپرسن، تائێستا نه‌یانتوانیوه ته‌نیا كه‌سێكیش به تۆمه‌تی كوشتن ده‌ستگیر بكه‌ن و، ئه‌و توانایه‌یان نه‌بووه ئه‌و لایه‌نانه ده‌ستنیشان بكه‌ن، كه ده‌ستیان له‌و تاوانانه‌دا هه‌یه"، گوتیشی، "ئه‌و بێتواناییه‌ی هێزه ئه‌منییه‌كان چه‌ندین پرسیار له سه‌ر كۆنترۆڵكردنی دۆسیه‌ی ئه‌منی شاره‌كه به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێت، له‌هه‌مووشیان گرنگتر ئه‌وه‌یه، ئاخۆ دۆخه‌كه تاسه‌ر به‌مشێوه‌یه به‌رده‌وام ده‌بێت؟".
عوبێدی داوای له حكومه‌ت و لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانی عێراق كرد، "دان به‌و شكسته‌دا بنێن و ئه‌و لایه‌نانه‌ش ده‌ستنیشان بكه‌ن، كه له ئه‌ركی خۆیان بۆ پاراستنی ئاسایشی شاره‌كه كه‌مته‌رخه‌می ده‌كه‌ن و، رێككاری یاسایی له‌گه‌ڵیان بگرنه به‌ر" و، داوای هه‌رچی زوو كۆنترۆڵكردنی ئاسایشی ئه‌و شاره‌ی كرد.
دوای رووداوه‌كانی 16ی ئوكتۆبه‌ر و هێرشه‌كه‌ی حه‌شدی شه‌عبی و سوپای عێراق بۆ سه‌ر شاری كه‌ركووك و ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم، دواتریش دوورخستنه‌وه‌ی به‌رپرسه كورده‌كان له پۆسته‌كانیان له‌و ناوچانه، به‌تایبه‌تیش پۆسته ئه‌منییه‌كان و پێدانی ئه‌و پۆستانه به عه‌ره‌ب و توركمانه‌كان، هه‌روه‌ها كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه و هێزه ئه‌منییه‌كانی كوردستان، كه پێشتر ئه‌ركی پاراستنی ئاسایشی ئه‌و ناوچانه‌ی له‌ئه‌ستۆ بوو، تادێت ئاماری تاوانه‌كانی كوشتن و رفاندنی رۆژانه به‌رزتر ده‌بێته‌وه.