رۆژنامه‌يه‌كى رووسى: كورده‌كانى سووريا له به‌رگرييه‌وه روويان له هێرشى پێچه‌وانه كردووه
"ئه‌ردۆغان ديسان هه‌ڕه‌شه له عه‌فرين ده‌كات و ده‌ڵێت هێرشێكى گه‌وره ده‌كه‌ينه سه‌ر شاره‌كه"
K24 – هه‌ولێر:
رۆژنامه‌ى "سڤۆبۆدنايا بريسا"ى ئه‌ليكترۆنى، وتارێكى زائور كاراييڤى به ناونيشانى "كوردى سووريا شه‌ڕ ده‌به‌نه ناو توركيا" بڵاوكردووه‌ته‌وه و تێيدا نووسه‌ر رايگه‌ياندووه، يه‌كينه كوردييه‌كان له به‌رگرييه‌وه روويان كردووه‌ته هێرشى پێچه‌وانه.
له وتاره‌كه‌دا هاتووه: "ئه‌ردۆغان ديسان هه‌ڕه‌شه له عه‌فرين ده‌كات و ده‌ڵێت هێرشێكى گه‌وره ده‌كه‌ينه سه‌ر شاره‌كه".
ئه‌وه‌شى باسكردووه، "ئه‌وه‌ى جێى بايه‌خه، كورده‌كان ته‌نيا له بازنه‌ى بهرگريدا نامێننه‌وه. ئه‌وان رێگه‌يان بۆ خۆيان كردووه‌ته‌وه بۆ ئه‌وه‌ى هێرشى پێچه‌وانه بكه‌نه سه‌ر سوپاى توركيا و ترس و دڵه‌ڕاوكێ له ناو خاكى توركيا بچێنن".
له‌و باره‌يه‌وه، نووسه‌ر ئاماژه‌ى به راى شاره‌زاى سه‌ربازى توركى كه‌ره‌م يه‌ڵدرم كردووه و ناوبراو راى وايه، "پێشبينى كردنى رووداوه‌كان سه‌خته، چونكه يه‌په‌گه چه‌كى ئه‌وتۆى پێيه بتوانێت به‌ره‌نگارى نوێترين و پێشكه‌وتووترين چه‌كى توركيا ببێته‌وه".
فه‌رمانده‌كانى سوپاى توركيا باس له‌وه ده‌كه‌ن، يه‌په‌گه و يه‌په‌ژه له ئه‌مريكا و ئه‌وروپاوه چه‌كى پێشكهوتوويان به‌ده‌ست گه‌يشتووه. ئه‌مه له كاتێكدايه ئه‌و ناوچه‌يه دابڕاوه و جێى پرسياره، ئه‌و چه‌كانه چۆن گه‌يشتوونه‌ته عه‌فرين.
هێرشى سوپاى توركيا بۆ سه‌ر عه‌فرين به به‌شدارى نزيكه‌ى 30 هه‌زار له چه‌كدارانى گرووپ و مليشيا ئيسلامييه‌كانى سه‌ر به "سوپاى ئازادى سووريا" رۆژى شه‌ممه 20ى كانوونى دووه‌م/ يه‌نايرى 2018، كاتژمێر (05:00) له ژێر ناوى "ئۆپراسيۆنى چڵه زه‌يتون" ده‌ستيپێكرد و هه‌ردوولاى شه‌ڕه‌كه رۆژانه زانيارى له باره‌ى زيانى گيانى و ماڵى يه‌كدى بڵاوده‌كه‌نه‌وه.