گه‌وره سه‌ركرده‌ی تاڵیبان له پاكستان كوژرا
له هێرشێكی ئاسمانی ئه‌مه‌ریكادا جگه له ساجنا كوڕی براكه‌ی و دوو له پاسه‌وانه‌كانیشی كوژران
K24- هه‌ولێر:
حكومه‌تی پاكستان كوژرانی خان سه‌عید ساجنا، گه‌وره سه‌ركرده‌ی بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبانی له‌و وڵاته‌كه‌یان راگه‌یاند، كه ئه‌مڕۆ له هێرشێكی فڕۆكه بێفڕۆكه‌وانه‌كانی ئه‌مه‌ریكادا له هه‌رێمی وه‌زیرستانی باكووری رۆژئاوای ئه‌و وڵاته كوژراوه.
كه‌ناڵی "تڵوع نیوز"ی ئه‌فغانی له چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی حكومه‌تی پاكستان گواستیه‌وه، "سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ ساجنا له هێرشێكی ئاسمانی ئه‌مه‌ریكادا له هه‌رێمی وه‌زیرستان كوژرا".
به‌گوێره‌ی رۆژنامه‌ی "The Express Tribune"ی پاكستانی، كه به زمانی ئینگلیزی بڵاوده‌كرێته‌وه، ساجنا و كوڕی براكه‌ی و دوو له پاسه‌وانه‌كانی له هێرشێكی ئاسمانی‌دا له ناوچه‌یه‌كی سنووری پاكستان كوژراون. له‌مباره‌شه‌وه به‌رپرسێكی هه‌واڵگه‌ری به‌و رۆژنامه‌یه‌ی راگه‌یاندووه، "ئه‌و ئۆتۆمۆبیله‌ی سه‌ركرده‌ی تاڵیبانی تێدا بوو، به‌ته‌واوه‌تی تێكشكاوه" و ئه‌و سه‌رچاوه‌یه ئاشكرایكردووه، له‌ماوه‌ی 24 كاتژمێری رابردوودا، ناوچه سنوورییه‌كانی نێوان پاكستان و ئه‌فغانستان رووبه‌ڕووی چه‌ندین هێرشی فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وانی ئه‌مه‌ریكا بوونه‌ته‌وه.
باس له‌وه ده‌كرێت، ساجنا پلانداڕێژه‌ری چه‌ندین هێرشی گه‌وره بووه، له‌ناویاندا هێرشه‌كه‌ی ساڵی 2012ی سه‌ر ئه‌و گرتوخانه‌یه‌ی باكووری رۆژئاوای پاكستان، كه تێیدا نزیكه‌ی 400 زیندانی رایانكرد، هه‌روه‌ها هێرشی سه‌ر بنكه‌یه‌كی گه‌وره‌ی ده‌ریاوانی پاكستان.
دوای كوژرانی حه‌كیموڵڵا مه‌حسود گه‌وره سه‌ركرده‌ی بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبان له پاكستان له‌لایه‌ن فڕۆكه بێفڕۆكه‌وانه‌كانی ئه‌مه‌ریكاوه، له‌ساڵی 2013 ساجنا وه‌ك یه‌كه‌م كه‌سی ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه ده‌ستنیشانكرا.