وه‌زیری به‌رگری ئه‌ڵمانیا له هه‌ولێره
سه‌ربازگه‌ی میره به‌سه‌رده‌كاته‌وه‌و نه‌خۆشخانه‌یه‌كی تایبه‌ت ده‌كاته‌وه
K24 - هه‌ولێر:
ئۆرسۆلا ڤۆن دێرلا‌ین، وه‌زیری به‌رگری ئه‌ڵمانیا له شاری هه‌ولێر، سه‌رباز و راوێژكارانی سه‌ربازی وڵاته‌كه‌ی له سه‌ربازگه‌ی میره به‌سه‌ر ده‌كاته‌وه و نه‌خۆشخانه‌یه‌كی تایبه‌تی سه‌ربازیش له هه‌ولێر ده‌كاته‌وه.
وه‌زیری به‌رگریی ئه‌ڵمانیا ئێواره‌ی رۆژی شه‌ممه پاش كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی باڵای عێراق گه‌یشته هه‌رێمی كوردستان و ئه‌مڕۆ له شاری هه‌ولێر ده‌ستی به چالاكییه‌كانی كردووه.
ژماره‌یه‌ك له فه‌رمانده‌كانی ھێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان و فه‌رمانده‌كانی سوپای ئه‌ڵمانیا له میانی به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی بنكه سه‌ربازییه‌كه‌دا یاوه‌ری وه‌زیری به‌رگری ئه‌ڵمانیا بوون و چه‌ندین نمایش و راهێنانی مه‌یدانی له پێشوازیدا ئه‌نجامدرا.
په‌یامنێری كوردستان 24 رایگه‌یاند: "به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی فه‌رمانده‌كانی پێشمه‌رگه، ئه‌و مه‌شق و راهێنانه‌ی هێزه‌كانی ئه‌ڵمانیا به ھێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌یان كردووه، یه‌كێكیان تایبه‌ته به چه‌كی كیمیایی و یه‌كه‌مجاره ئه‌و جۆره مه‌شقه به ھێزێكی سه‌ربازی له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌كرێت
به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كان، له كاتی كۆبوونه‌وه‌ی نێوان حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق و وه‌زیری به‌رگریی ئه‌ڵمانیا، عه‌بادی به‌پێویستی نه‌زانیووه ئۆرسۆلا ڤۆن دێرلا‌ین، سه‌ردانی هه‌ولێر بكات، به‌ڵام وه‌زیره ئه‌ڵمانییه‌كه شه‌وی رابردوو له شاری هه‌ولێر ماوه‌ته‌وه‌و ئه‌مڕۆش بڕیاره جگه له به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی میره‌ی به‌حركه، نه‌خۆشخانه‌یه‌كی تایبه‌تی سه‌ربازی دەكاتەوە كە وه‌زاره‌تی به‌رگری ئەڵمانیا بوودجه‌كه‌ی بۆ دابین ده‌كات.
ئه‌ڵمانیا یه‌كێكه له وڵاته كاریگه‌ره‌كانی ناو هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی شه‌ڕی داعش و له ماوه‌ی زیاتر له 3 ساڵی رابردوودا، به چه‌ند شێوازێك هاوكاری پێشكه‌شی ھێزه‌كانی پێشمه‌رگه كردووه‌و به‌هۆی چه‌كی میلانی ئه‌ڵمانیشه‌وه، هێزی پێشمه‌رگه توانیان به‌رپه‌رچی زۆر هێرشی چه‌كدارانی داعش بده‌نه‌وه‌و ئۆتۆمبێله بۆمبرێژكراوهكانیان پوچه‌ڵ بكه‌نه‌وه.