لیژنەیەكی دیكەی بەغدا دێتە ھەولێر

لیژنەكەی بەغدا لە 30 كەس پێكھاتووە

K24 - ھەولێر

بڕیارە ئەمرۆ دووشەممە لیژنەیەك كە لە 30 كەس پێكھاتوون لەسەر داوای حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە بەغداوە بگەنە ھەرێمی كوردستان، بۆ ئەوەی وردبینی لە لیستی مووچەی فەرمانبەراندا بكەن.

ڤیان حوسێن، بەرێوەبەری گشتی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی ھەرێمی كوردستان ئاشكرای كرد: "ئەو لیژنەیەی لە بەغداوە دێنە ھەرێمی كوردستان بە مەبەستی وردبینی كردنە لە مووچەی فەرمانبەرانی چەند وەزارەتێكی ھەرێم كە لیستی مووچەكانیان ئامادەكردووە و تا ئێستا لیژنەكانی بەغدا وردبینیان لەو وەزارەتانە نەكردووە، تەنھا مووچەی ھەردوو وەزارەتی تەندروستی و پەروردە تەواوكراوە، كە تائێستا لە چاوەڕوانی وەڵامی حكومەتی عێراقن".

ھاتنی ئەم لیژنەیە لە كاتێكدایە، پێشتر چەندین لیژنەی دیكە لە بەغداوە ھاتوونەتە كوردستان بۆ وردبینی لە لیستی مووچەی فەرمانبەران و ھەروەھا چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان  ھەولێر و بەغدا، بەڵام تا ئێستا ئەنجامی ئەرێنی نەبووە.

سەرچاوە: شەفەق نیوز