ئه‌مه‌ریكا دان به حزبوڵڵای لوبنانیدا ده‌نێت
تیله‌رسن: كاریگه‌رییه‌كانی ئێران له‌سه‌ر حزبوڵڵای لوبنانی بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ به‌رده‌وام نابن
K24- هه‌ولێر:
رێكس تیله‌رسن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا گوتی، پێویسته دان به‌وه‌دا بنێین كه حزبوڵڵای لوبنانی به‌شێكه پرۆسه‌ی سیاسی لوبنان.
تیله‌رسن له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا له عه‌ممانی پایته‌ختی ئوردن جه‌ختی كرده‌وه، "ئێمه پشتگیری له لوبنانێكی ئازاد و دیموكراتی سه‌ربه‌خۆی دوور له هه‌ژموونی ده‌ره‌كی ده‌كه‌ین، ئه‌وه‌ش ده‌زانین كه ئێران كاریگه‌ری زۆری به‌سه‌ر حزبوڵڵای لوبنانه‌وه هه‌یه".
له‌باره‌ی ئه‌و كاریگه‌ریانه‌ی ئێران له‌سه‌ر حزبوڵڵا تیله‌رسن گوتی: "ئه‌و كاریگه‌ریه تا ئاینده‌یه‌كی دوور به‌رده‌وام نابێت، هاوكات له‌سه‌رمان پێویسته دان به‌و راستییه‌شدا بنیێن كه حزبوڵڵا به‌شێكه له پرۆسه‌ی سیاسی لوبنان".
به‌ر له‌چه‌ند رۆژێك، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا جه‌ختی كردبۆوه، پرسی حزبوڵڵا سه‌ختترین ئه‌و بابه‌تانه ده‌بێت، كه بڕیاره تیله‌رسن له سه‌ردانه‌كه‌ی رۆژی پێنجشه‌ممه‌دا بۆ لوبنان له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی ئه‌و وڵاته تاوتوێ ده‌كات.
بڕیاریش وایه تیله‌رسن له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له میشال عۆن، سه‌رۆكی لوبنان، سه‌عد حه‌ریری سه‌رۆك وه‌زیران و نه‌بیه بری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی ئه‌و وڵاته كۆببێته‌وه.
ئه‌و دانپێدانانه‌ی تیله‌رسن به حزبوڵڵای لوبنانی وه‌ك به‌شێك له پرۆسه‌ی سیاسی لوبنان له‌كاتێكدایه، كه ئه‌مه‌ریكا ئه‌و حزبه به رێكخراویێكی تیرۆریستی وه‌سف ده‌كات و، به یه‌كێك له گرنگترین ئامرازه‌كانی ده‌ستێوه‌ردانه‌كانی ئێران له وڵاتانی ناوچه‌كه داده‌نێت.