دوو زلهێزه‌كه‌ی جیهان له خاكی سووریا به‌ریه‌ك ده‌كه‌ون
بۆچی پوتین بێده‌نگه له ئاست كوژرانی "چه‌ته رووسه‌كان" له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكا؟ سه‌ره‌تاكانی هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕه گه‌وره‌كه ده‌ركه‌وتوون
K24 - هه‌ولێر:
رۆژنامه‌ی "بلوومبێرگ"ی ئه‌مه‌ریكی بڵاویكردووه‌ته‌وه، هه‌فته‌ی رابردوو، رووسیا به كردار هێرشی كردووه‌ته سه‌ر ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی له سه‌ر خاكی سووریا، له ئه‌نجامیشدا زیانی زۆری به‌ركه‌وتووه، له به‌رامبه‌ریش هه‌ریه‌ك له وه‌زاره‌ته‌كانی به‌رگری ئه‌مه‌ریكا و رووسیا، ئه‌و هه‌واڵانه ره‌تده‌كه‌نه‌وه.
وێڕای دانپێدانانی كرملین و پنتاگۆن له به‌شداریكردنی "چه‌ته"ی رووس له هێرشكردنه سه‌ر بنكه سه‌ربازییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له دێره‌زوور، به‌ڵام رووسیا رایده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌و جه‌نگاوه‌رانه له خۆوه كرده‌وه‌كه‌یان ئه‌نجامداوه و پیش‌تر سوپای رووسیایان ئاگادار نه‌كردووه‌ته‌وه.
درۆی رازاوه
ئیلی لیك، نووسه‌ر له رۆژنامه‌ی بلوومبێرگ و گه‌وره په‌یامنێری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی وێبسایتی "ده‌یلی بیست"، رایده‌گه‌یه‌نێت، جه‌یمس ماتیس، وه‌زیری به‌رگری ئه‌مه‌ریكا هێرشه‌كه‌ی به كارێكی سه‌رسوڕهێنه‌ر وه‌سف كردووه و بۆ رۆژنامه‌وانان گوتی: "هیچ بیرۆكه‌یه‌كم له باره‌ی هۆكاری ئه‌نجامدانی ئه‌و هێرشه نییه، چونكه شتێكی روون و ئاشكرایه بنكه‌ی سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكا له ناوچه‌كه هه‌یه و رووسه‌كانیش زۆر به باشی ئه‌وه ده‌زانن، هه‌رچه‌نده گۆڕه‌پانی جه‌نگ ئاڵۆزه و جیایه، له‌و بۆچوونهشداین كه رووسیا كۆنتڕۆڵی به‌سه‌ر ئه‌و گرووپانه‌دا نییه".
به گوێره‌ی ئه‌و شیكه‌ره‌وه ئه‌مه‌ریكییه، كه جه‌نه‌رالێكی لێهاتوو و خاوه‌ن چوار ئه‌ستێره‌ی خانه‌نشینی سوپای ئه‌مه‌ریكایه، لێدوانه‌كه‌ی جه‌یمس ماتیس، سه‌باره‌ت به سه‌رسوڕمانی هێرشه‌كه، ته‌نها به درۆیه‌كی رازاوه دانانرێت كه ئه‌فلاتۆن وه‌سفی كردووه، به‌ڵكو ئه‌و لێدوانه بۆ به‌ده‌ستهێنانی سوودێكی زیاتری كۆمه‌ڵایه‌تییه، ئه‌گه‌ر ماتیس دان به‌وه‌دا بنێت كه هێرشه‌كه له‌لایه‌ن كرملینه‌وه رێگه‌پێدراو بووه بۆ سه‌ر بنكه سه‌ربازییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و سه‌ربازه رووسییه‌كان جلی سه‌ربازییان له‌به‌ردا نه‌بووه، ده‌بووه هۆكاری هه‌ڵكشانی زیاتری ئاڵۆزییه‌كان و ره‌وشی سووریای به ئاقارێكی مه‌ترسیدارتردا ده‌برد.
لیك پێیوایه، واباشتره وه‌زیری به‌رگری ئه‌مه‌ریكا سه‌رسوڕمانی خۆی له ئه‌نجامدانی ئه‌و هێرشه ده‌رببرێت، كه بوارێك بۆ ڤلادیمێر پوتن، سه‌رۆكی رووسیا ده‌هێڵێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ڕێته‌وه دواوه و خۆی له به‌رپرسیارێتی ئه‌و هێرشه لابدات، له كۆتاییشدا پوتین هه‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردووه، وێڕای ئه‌و زیانه گه‌وره‌یه‌ی به‌ر "چه‌ته‌كان"ی رووسیا كه‌وتووه.
به گوێره‌ی شیكردنه‌وه‌ی ئه‌و نووسه‌ره، "نابێت كه‌س هه‌ڵبخه‌ڵه‌تێت" به‌و لێدوانه، چونكه به‌ڵگه‌ی ته‌واو هه‌ن، ئه‌و كۆنتراكتهره رووسیانه له‌سه‌ر ویستی كرملین جووڵه‌یان كردووه، له‌وه‌ش زیاتر رووسه‌كان ئاگاداری بوونی بنكه سه‌ربازییه ئه‌مه‌ریكییه‌كان بوونه له دێره‌زوور، كه به‌شێكه له‌و رێككه‌وتنه یه‌ك له دوای یه‌كانه‌ی بۆ دووركه‌وتنه‌وه له پێكدادانی سه‌ربازی نێوان ئه‌مه‌ریكا و رووسیا له‌سه‌ر خاكی سووریا كراون.
ئه‌و نووسه‌ره ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كات، ئه‌و به‌رپرسانه‌ی ئه‌مه‌ریكا كه چاودێری ره‌وشی سووریا ده‌كه‌ن، جه‌خت له‌وه ده‌كه‌نه‌وه، سوپای رووسیا به ته‌واوه‌تی ئاگاداری ئه‌و هێرشه‌ی "چه‌ته رووسه‌كان" بوونه بۆ سه‌ر بنكه سه‌ربازییه‌كان له دێره‌زوور.
رۆڵی "چه‌ته‌كان"
ئیڤلین ڤاركاس، جێگری پێشووی یاریده‌ده‌ری وه‌زیری به‌رگری بۆ كاروباری رووسیا و ئۆكرانیا و ناوچه‌ی ئۆراسیا له ئیداره‌ی ئۆباما، رۆژی 15ی شوبات/ فێبرایه‌ری رابردوو، رایگه‌یاند، سه‌رجه‌م "چه‌ته رووسه‌كان" چ ئه‌وانه‌ی له ئۆكرانیان یاخود سووریا، بۆ به‌رژه‌وه‌ندی حكوومه‌تی رووسیا كار ده‌كه‌ن.
باس له‌وه‌ش ده‌كات، ئه‌وه ته‌نها رووداوێكی ئاساییه نییه، به‌تایبه‌تیش بۆ كۆمپانیایه‌كی به‌ڵێنده‌ری په‌یوه‌ندیداری وه‌ك "كۆمپانیای ڤاگنه‌ر"، به‌و پێیه‌ی یه‌كێك له سه‌ركرده‌كانی دیمیتری ئۆتكینه، كه پێشتر موقه‌ده‌می سه‌ربازی بووه له ده‌زگای هه‌واڵگری سوپای رووسیا و په‌یوه‌ندییه‌كی پته‌ویشی له‌گه‌ڵ كۆمپانیا و كه‌سایه‌تییه‌كی نزیك پوتین هه‌یه، به‌ناوی یه‌ڤگینی بریگۆجین، كه به چێشتلێنه‌ری پوتین ناسراوه، به‌و پێیه‌ی كۆمپانیاكانی ئه‌و تایبه‌تن به ئاماده‌كردنی خواردن له كۆشكی كرملین.
كۆمپانیایه‌كی وه‌ك ڤاگنه‌ر، به به‌شێكی سه‌ره‌كی ستراتیژیه‌تی فراوانی رووسیا داده‌نرێت، كه خۆی له شه‌ڕی فره‌لایه‌ن و تێكه‌ڵاودا ده‌بینێته‌وه، كه تێكه‌ڵه‌یه‌كه له هێرشی جموجۆڵی زه‌مینی و زانیاری بۆ به‌هێزكردنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی رووسیا، وه‌ك ئه‌وه‌ی له ساڵی 2014دا كردی، سه‌ربازانی رووسی به‌بێ جلی سه‌ربازی نارده ئۆكرانیا و هه‌رێمی كریمیای دابڕی و خستییه سه‌ر رووسیا.
ئین ماتی سۆمینارۆ، توێژه‌ر له په‌یمانگای توێژینه‌وه‌ی جه‌نگ له باره‌ی رۆڵی ئه‌و چه‌تانه، رایده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌وانه هاوكاری رووسیا ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی رۆڵی رووسیا له سووریا له‌به‌رچاو بشارنه‌وه، له باره‌ی هێرشه‌كه‌ی رۆژهه‌ڵاتی سووریاش، وه‌زاره‌تی به‌رگری رووسیا ده‌ڵێت: "هیچ زانیارییه‌كمان نه‌بووه له‌وكاره‌ی ئه‌وانه كردوویانه"، به‌ڵام ئه‌و هێرشه به بڕیاری ده‌سه‌ڵاتێكی باڵا كراوه له كرملین.
له ناوخۆی ئه‌مه‌ریكاشدا، مشت‌ومڕێك له باره‌ی هۆكاری ئه‌نجامدانی ئه‌و هێرشه بۆ سه‌ر بنكه سه‌ربازییه‌كه له دێره‌زوور درووست بووه، هه‌ندێك پێیان وایه، له ئێستادا پشێوییه‌ك به سیاسه‌تی ئه‌مه‌ریكاوه دیاره، به‌و پێیه‌ی به‌رپرسانی سه‌ربازی و وه‌زیری به‌رگری رایده‌گه‌یه‌نن، سیاسه‌ت و ستراتیژییه‌تی ئه‌مه‌ریكا له سووریا، ته‌نها خۆی له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی رێكخراوی داعشدا ده‌بینێته‌وه.
هۆشداری ئه‌مه‌ریكی
ئه‌و نووسه‌ره پێیوایه، هه‌واڵه باشه‌كه له‌و رووداوه‌دا ئه‌وه‌یه، به‌رپه‌رچی ئه‌مه‌ریكا خێرا و به‌هێزبووه، هه‌رچه‌نده هیچ ئامارێكی راست و درووست له‌به‌رده‌ستدا نییه، به‌ڵام میدیاكانی رووسیا بڵاویانكردووه‌ته‌وه، زیاتر له 200 مورته‌زه‌قه‌ی رووس له هێرشه‌كه‌دا كوژراون.
نووسه‌ره‌كه باس له‌وه ده‌كات، هۆكاری ره‌تكردنه‌وه‌ی خستنه ئه‌ستۆی به‌رپرسیارێتی هێرشه‌كه به شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ بۆ سه‌ر رووسیا له‌لایه‌ن ماتیسه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ پێدانی هه‌ندێك كات به رووسیا و راگرتنی ئه‌و جۆره هێرشانه.
لی ئیڤلین ڤاركاس ده‌ڵێت: "پێموایه هۆكاری لێدوانه‌كه‌ی ماتیس كه ده‌ڵێت سه‌رمان له‌و هێرشه سوڕماوه، ناردنی په‌یامێكه بۆ رووسیا و مه‌به‌ستیشی ئه‌وه‌یه بڵێت من ئاماده‌م هه‌ندێك كاتتان پێبده‌م بۆ راگرتنی ئه‌و هێرشانه، به‌ڵام دووباره‌ی نه‌كه‌نه‌وه، ئه‌گه‌ر سه‌یری وه‌ڵامی رووسیا بكه‌ین، ده‌رده‌كه‌وێت كه ئه‌وان بۆیان روون بووه‌ته‌وه یاری به ئاگردهكهن".
به گوێره‌ی نووسه‌ر، ئه‌و جۆره لێدوانانه، لایه‌نێكی نه‌رێنی سیاسه‌تی ئه‌مه‌ریكای هه‌یه، به ره‌چاوكردنی ئه‌وه‌ی كۆمپانیایه‌كی وه‌ك ڤاگنه‌ر، به‌شێكی سه‌ره‌كی ستراتیژیه‌ت و تاكتیكه فراوانه‌كانی رووسیایه، بۆیه گرنگه ئه‌مه‌ریكا بتوانێت وا له مۆسكۆ بكات نه‌توانێت نكۆڵی له هه‌ماهه‌نگی نێوانییان بكات.
ئه‌و نووسه‌ره ئامۆژگاری ئه‌مه‌ریكاش ده‌كات، كه ده‌بێت رووسیا ئاگادار بكاته‌وه له هێرشه‌كانی داهاتوو و پێی رابگه‌یه‌نێت، هه‌ر هێرشێك له‌لایه‌ن "چه‌ته" رووسه‌كانه‌وه بكرێته سه‌ر بنكه سه‌ربازییه‌كان، به هێرشی راسته‌وخۆی هێزه چه‌كداره‌كانی رووسیا داده‌نرێت.