ئه‌نجامه‌كانی ئه‌مڕۆی خولی نایابی كوردستان مێژووی خوله‌كه‌یان گۆڕی
بۆ یه‌كه‌مجار له مێژووی خولی نایاب، برایه‌تی شكستی به هه‌ولێر هێنا
ئه‌مڕۆ له گه‌ڕی پێنجه‌می خولی نایابی كوردستان 4 یاری به‌ڕێوه چوون، یانه‌ی هه‌ندرێن تووشی یه‌كه‌مین شكست بوو له‌م وه‌رزه، یانه‌ی برایه‌تی له مێژووی خولی نایاب بۆ یه‌كه‌مجار شكستی به یانه‌ی هه‌ولێر هێنا.
هه‌ولێر 0 ـ 1 برایه‌تی
ئه‌م یارییه له‌سه‌ر یاریگه‌ی یه‌كه‌می فره‌نسۆ هه‌ریری به‌ڕێوه چوو، یانه‌ی برایه‌تی به گۆڵێكی هونه‌ر ئه‌حمه‌د شكستی به یانه‌ی هه‌ولێر هێنا، له مێژووی خولی نایاب بۆ یه‌كه‌مجار هه‌ولێر به‌رامبه‌ر یانه‌ی برایه‌تی ده‌دۆڕێت.
یانه‌ی هه‌ولێری هه‌ڵگری 3 ناسناوی خوله‌كه، ئه‌گه‌رچی زۆربه‌ی ئه‌ستێره‌كانی بۆ خولی كوردستانی ئه‌م وه‌رزه كۆكردۆته‌وه، به‌ڵام هێشتا ئه‌نجامه‌كانی نه‌بووه‌ته جێگه‌ی ره‌زامه‌ندی هانده‌رانیان، له 4 یاری، 3 یارییان دۆڕاندووه و، ته‌نیا یه‌ك گۆڵیان له خوله‌كه كردووه، ئه‌ویش له لایه‌ن ئیڤان خالید تۆمار كراوه.
له به‌رامبه‌ردا یانه‌ی برایه‌تی به راهێنه‌رایه‌تی فاتیح حه‌مه‌خان ژماره‌ی خاڵه‌كانیان گه‌یانده 10 خاڵ و به جیاوازی گۆڵ پێشه‌نگی خوله‌كه‌یان به یانه‌ی هه‌ندرێن چۆل كرد.
پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر 2 ـ 0 هه‌ندرێن
له پیرمام یانه‌ی پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێری پاڵه‌وانی وه‌رزی رابردوو میوانداریی یانه‌ی هه‌ندرێنی كرد و یارییه‌كه‌شی به دوو گۆڵی بێوه‌ڵام برده‌وه، گۆڵی یه‌كه‌می پێشمه‌رگه شوان مامۆ له كۆتاییه‌كانی گێمی یه‌كه‌م تۆماری كرد، گۆڵی دووه‌می پێشمه‌رگه له گێمی دووه‌م له لایه‌ن عه‌بدوڵڵا سه‌ربه‌ست تۆمار كرا.
یانه‌ی هه‌ندرێن بۆ یه‌كه‌مجار له‌م وه‌رزه تووشی شكست هات، به كۆكردنه‌وه‌ی 10 خاڵ بۆ خانه‌ی دووه‌م دابه‌زی و یانه‌ی پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێریش به 7 خاڵ له خانه‌ی چواره‌م مایه‌وه.
له مێژووی خولی نایاب پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر و هه‌ندرێن 11 جار رووبه‌ڕووی یه‌كتر بوونه‌ته‌وه، پێشمه‌رگه 2 بردنه‌وه‌ی هه‌یه 3 یاری دۆڕاندووه و 6 یاریش به‌یه‌كسانبوون ته‌واو بووه.
ئارارات 2 ـ 0 شێرانه
یانه‌ی ئارارات له به‌رزاییه‌كانی پیرمام باوه‌شی بۆ یانه‌ی شێروانه كرده‌وه و یارییه‌كه‌ی به دوو گۆڵی بێوه‌ڵام له یانه كه‌لارییه برده‌وه، گۆڵه‌كانی ئارارات له لایه‌ن (عه‌لی عه‌زیز و شێرزاد حوسێن) تۆمار كران.
ئارارات و شێروانه له مێژووی خولی نایاب زۆرترینجار رووبه‌ڕووی یه‌كتربوونه‌ته‌وه، یانه كه‌لارییه‌كه هه‌میشه به‌رامبه‌ر یانه‌ی ئارارات ئه‌ركی قورس بووه و له دوایین 12 یاری نێوانیان شێروانه ته‌نیا یه‌ك یاری بردۆته‌وه و 6 یاری دۆڕاندووه و 5 یاریش به‌یه‌كسانبوون ته‌واو بووه.
یانه‌ی ئارارات ئه‌م وه‌رزه هێشتا تامی شكستی نه‌كردووه و به كۆكردنه‌وه‌ی 9 خاڵ له ریزبه‌ندی سێیه‌می خوله‌كه جێگیر بوو، له به‌رامبه‌ردا شێروانه یارییه‌كی دواخراوی هه‌یه و یارییه‌كی كه‌متریشی ئه‌نجام داوه و به ته‌نیا خاڵێك له دوایین خانه‌ی ریزبه‌ندییه‌كه جێماوه.
زاخۆ 2 ـ 0 نه‌ورۆز
یانه‌ی زاخۆ له‌سه‌ر یاریگه نێوده‌وڵه‌تییه‌كه‌ی میوانداریی یانه‌ی نه‌ورۆزی تاكه نوێنه‌ره‌كه‌ی شاری سلێمانی كرد، یانه‌ی زاخۆ به 2 گۆڵی بێوه‌ڵام یارییه‌كه‌ی برده‌وه، گۆڵه‌كانیش له لایه‌ن (چیا نازی و به‌رۆژ جادر) تۆمار كران.
یانه‌ی زاخۆ دوای 3 شكستی له‌سه‌ریه‌ك یه‌كه‌مین سه‌ركه‌وتنی له‌سه‌ر ده‌ستی راهێنه‌ره نوێیه‌كه‌ی تۆمار كرد، له به‌رامبه‌ردا یانه‌ی نه‌ورۆز به راهێنه‌رایه‌تی (سه‌فا نووری) تووشی یه‌كه‌مین شكست بوو، ئه‌مه‌ش له كاتێكدایه پێشتریش نه‌ورۆز له‌سه‌ر ده‌ستی یاسین مه‌ناف یارییه‌كی دیكه‌یان دۆڕاند بوو.
یانه‌ی نه‌ورۆز هیوای سلێمانییه‌كانه و هه‌موو هانده‌رانی ئه‌و شاره چاویان له‌وه‌یه یه‌كه‌م ناسناوی كوردستان له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌و یانه‌یه به‌ده‌ست بێنن، به‌ڵام ئه‌نجامه‌كانی ئه‌م وه‌رزه‌یان وه‌ك پێویست نییه و له 4 یاریدا 2 شكستیان هه‌یه و ته‌نیا خاڵیان كۆكردنه‌وه، ئه‌مه‌ش یاسین مه‌نافی راهێنه‌ری ناچار كرد ده‌ست له پۆسته‌كه‌ی هه‌ڵبگرێت و شوێنه‌كه‌ی بۆ (سه‌فا نووری) راهێنه‌ری لاوانی یانه‌كه‌ی چۆل كرد كه ناوبراو له‌یه‌ك كاتدا ئه‌ركی دوو تیپی له‌ئه‌ستۆیه.