سعوودیە لە مەککە و جددە هۆشداریی ئەمنی دەدات
سعوودیە لە ناوچەیەکی بەرفراواندا هۆشداریی ئەمنیی بڵاوکردەوە، کە مەککە و جددە، دووەم گەورەترین شاری شانشینەکەی دەگرتەوە.
بەرگریی شارستانیی سعوودیە رایگەیاند، بۆ یەکەمجار لەوەتەی جەنگی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستیپێکردووە، ئاگادارکەرەوەکانیان بەمەبەستی هۆشداری لە مەترسی لە پارێزگاکانی جددە، تائیف و مەککە خستووەتە کار.
هۆشدارییەکان بە خێرایی هەڵگیران و دەسەڵاتدارانی سعوودیە تا ئێستا روونیان نەکردووەتەوە ئایا هیچ مووشەکێک یان کەرەستەیەکی سەربازی کەوتووەتە خوارەوە یان نا. ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتیی خۆی لە هەر هێرشێک رانەگەیاندووە.
ئەم دۆخە لە کاتێکدایە باشووری شانشینەکە زنجیرەیەک هێرشی حووسییەکانی یەمەنی بەخۆوە بینیوە. سعوودیە بەڵێنی دا بە توندی وەڵامی زنجیرە هێرشە نوێیەکانی حووسییەکانی ئەنساروڵڵای یەمەن بداتەوە، کە خاکی شانشینەکەیان کردووەتە ئامانج.
دووشەممەی رابردوو، حووسییەکانی ئەنساروڵڵای یەمەن هێرشیان کردە سەر سعوودیە. حووسییەکان شانشینەکە تۆمەتبار دەکەن بە ئەنجامدانی زیاتر لە 50 هێرشی ئاسمانی لە 24 کاتژمێردا. بەگوێرەی ئاژانسی فرانس پرێس، تاران هەر جۆرە دەستێوەردانێکی لەو ململانێیە رەت کردووەتەوە، کە لە سایەی جەنگی نێوان ئێران و ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نوێ بووەتەوە.
کۆمیسیۆنی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران رایگەیاند، لەوەتەی شەڕ لە نێوان حووسییەکانی ئەنساروڵڵا و هێزە حکوومییەکانی لایەنگری سعوودیە لە یەمەن دەستیپێکردووەتەوە، 100 هەزار کەس ئاوارە بوون. لەو شەڕەدا حووسییەکان کۆنترۆڵی کەناراوەکانی رۆژئاوای وڵاتەکە و ناوچەی گەرووی بابولمەندەبیان کردووە.
کۆمیسیۆنەکە روونیکردەوە، پەرەسەندنی خێرای کردە سەربازییەکان لە درێژایی کەناراوەکانی رۆژئاوای یەمەن بووەتە هۆی ئاوارەبوونی زیاتر لە 100 هەزار کەس لە ناوخۆی وڵاتەکە و هەزاران کەسی دیکەش ناچار بوون بۆ پەنابردن بۆ جیبوتی، کە دەکەوێتە دیوەکەی دیکەی گەرووی بابولمەندەب، هەڵبێن.
سەرچاوە دیپلۆماسییەکان رایانگەیاند، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، سێشەممە کۆدەبێتەوە بۆ تاوتوێکردنی دۆخی گەرووی بابولمەندەب.