نێیمار سێ هەفتە لە یاریکردن دادەبڕێت
ناتونێت بەرامبەر ریال مەدرید یاریی بکات
نێیمار داسێلڤا بەهۆی پێکانەوە بۆ ماوەی سێ هەفتە دادەبڕێت و ناتوانێت بەرامبەر ریال مەدرید یاریی بکات.
تۆڕی سکای سپۆرتسی بەریتانی ئاشکرایکردووە، نێیمار داسێلڤا لە قووڵەپێی تووشی هەوکردن بووە و دەرکەوتووە ناتوانێت بۆ ماوەی سێ هەفتەی دیکە بگەڕێتەوە یاریگەکان، بەمەش ناتوانێت لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی 16ی چامپیۆنزلیگ بەرامبەر ریال مەدرید یاریی بکات، کە هەفتەی داهاتوو رۆژی سێشەممە بەڕێوە دەچێت و تەنیا نۆ رۆژ بۆ یارییەکە ماوە.
گەرچی نێیمار لە قووڵەپێی تووشی شکان نەبووە، بەڵام بە گوێرەی زانیارییەکانی سکای سپۆرتس پێکانەکەی سووک نییە و سێ هەفتەی پێویستە تاکو بگەڕێتەوە، لە کاتێکدا پێشتر یۆنا ئێمری دڵنیایی دابووە هاندەرانی یانەکەی کە نیمۆ بەرامبەر ریال مەدرید ئامادە دەبێت.
تاکو ئێستا پاریس سانجێرمان هیچ زانیارییەکی فەرمی لەبارەی ماوەی دوورکەوتنەوەی نێیمار بڵاونەکردووەتەوە، لە کاتێکدا ئەو یاریزانە بڕازیلییە شەوی رابردوو بۆ ماوەی کاتژمێرێک و 20 خولەک پشکنینی بۆ ئەنجامدراوە، بەڵام بەپێی سەرچاوەکانی تۆڕی سکای سپۆرتسی بەریتانی ئەو یاریزانە بڕازیلییە تاکو رۆژی 14ی مانگی داهاتوو ناگەڕێتەوە و دەستەی پزیشکانی پاریس سانجێرمان ئومێد دەکەن نیمۆ بتوانێت لە یاریی بەرامبەر ئانجیێ لە خولی یانەکانی فڕەنسا ئامادە بێت و بێ هیوان لەوەی بتوانێت رۆژی 6ی مانگی داهاتوو بەرامبەر ریال مەدرید ئامادە بێت.