باوکی نێیمار: کوڕەکەم نزیکەی دوو مانگ لە یاریکردن دادەبڕێت
نێیمار ناتوانێت بەرامبەر ریال مەدرید یاریی بکات
باوکی نێیمار هەواڵێکی ناخۆش بۆ هاندەرانی یانەی پاریس سانجێرمان ئاشکرا دەکات و رایدەگەیەنێت، کوڕەکەی ناتوانێت لە یاریی بەرامبەر ریال مەدریدی ئیسپانی بەشداریی بکات.
باوکی نێیمار داسێلڤای هێرشبەری بڕازیلی یانەی پاریس سانجێرمانی فڕەنسی لە لێدوانێکی بۆ رۆژنامەی (گلۆبۆ سپۆرت)ی بڕازیلی ئاشکرایکردووە، نێیمار ئەگەر نەشتەرگەری بۆ بکرێت یاخود نا، بەلایەنی کەمەوە 6 بۆ 8 هەفتە لە یاریکردن دادەبڕێت و بەمەش ناتوانێت بەشداریی یارییەکەی ریال مەدرید بکات لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی 16ی چامپیۆنزلیگ، کە لە یاریی چوون ریال مەدرید 3-1 سەرکەوتنی بەدەستهێنا.
ئەم لێدوانەی باوکی نێیمار لە کاتێکدایە، یۆنای ئێمری، راهێنەری پاریس سانجێرمانی فڕەنسی پێش یاریی ئەمشەوی یانەکەی لە جامی فڕەنسا رایگەیاند، هێشتا هیوایەک ماوە بۆ ئەوەی نێیمار لە یاریی بەرامبەر ریال مەدرید ئامادە بێت و راهێنەرە ئیسپانییەکە راشیگەیاند، هێشتا بڕیاری کۆتایی لەبارەی ئەوە نەدراوە کە ئایا نەشتەرگەری بۆ نیمۆ دەکرێت یاخود نا.