میدیای توركیا: سوپا شارەدێی راجۆی لە عەفرین كۆنترۆڵكرد
ھێرشی توركیا بۆسەر عەفرین بەردەوامە
K24 - ھەولێر
بە گوێرەی میدیای توركیا سوپای ئەو وڵاتە شارەدێی راجۆی سەر بە عەفرینی كۆنترۆڵكردووە.
ئاژانسی ھەواڵی ئەنادۆڵ بڵاویكردوە: "سوپای توركیا و چەكدارانی سوپای ئازادی سووریا، شارۆچكەی راجۆی سەر بە ئەفرینیان كۆنترۆڵكرد".
ئەوەش راگەیەندراوە، شەڕ و پێكدادان لە دەوروبەری راجۆ بەردەوامە.
تائێستا یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە) كۆنترۆڵكردنی راجۆی لەلایەن سوپای توركیا پشتڕاست نەكردووەتەوە و ئاژانسی ھاواری نزیك لە پەیەدە رایگەیاندووە: "لە دەوروبەری راجۆ شەڕی سەخت لەنێوان شەڕڤانان و سوپای توركیا لەئارادایە".
شارەدێی راجۆ كەوتووەتە باكووری رۆژئاوای عەفرین و لەسەرەتای ھێرشەكانی توركیا بۆسەر عەفرین و دەوروبەری سوپای توركیا چەندین ھێرشی بۆ داگیركردنی ئەو شارەدێیە داوە و لەلایەن شەڕڤانانی یەپەگە تێكشكێندراوە.
زیاتر لە مانگێكە ھێرشی سوپای توركیا بۆسەرعەفرین بەردەوامە و بە گوێرەی ئاماری ئەنجوومەنی تەندروستی ئەو شارە تائێستا نزیكەی 200 كەسی سڤیل شەھید بوونە و زیاتر 550 كەسی دیكەش برینداربوونە.
H.M