عه‌بدوڵڵاهیان: مه‌ترسییه‌كانی داعش له‌سه‌ر عێراق و سووریا ماون
به‌رپرسێكی باڵای ئێران: ئه‌مه‌ریكییه‌كان له‌گه‌ڵ داعش كۆبوونه‌ته‌وه
K24 - هه‌ولێر:
حوسێن ئه‌میر عه‌بدوڵڵاهیان، یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی ئێران بۆ كاروباری نێوده‌وڵه‌تی رایده‌گه‌یه‌نێت، مه‌ترسییه‌كانی داعش ماون و تا ئێستاش رێكخراوه‌كه هه‌ڕه‌شه‌یه له‌سه‌ر عێراق و سووریا.
عه‌بدوڵڵاهیان ده‌ڵێت: "ئێسكی داعش له عێراق و سووریا تێكشكێنرا، به‌ڵام ئایا هه‌ڕه‌شه‌كانی گه‌مارۆ دراون؟ ئایا چه‌كداره‌كانی رێكخراوه‌كه كرده‌وه‌كانییان راگرتووه؟ من پێموایه مه‌ترسییه‌كانی داعش و تیرۆری ته‌كفیری تا ئێستاش هه‌ڕه‌شه‌ن له‌سه‌ر عێراق و سووریا و ناوچه‌كه ده‌كات".
ئه‌و به‌رپرسه باڵا ئێرانییه دووپاتیشی ده‌كاته‌وه، ئه‌و كاته‌ی داعش له مووسڵ بووه، فڕۆكه‌یه‌كی سی 130ی ئه‌مه‌ریكی، له فڕۆكه‌خانه‌ی مووسڵ نیشتووه‌ته‌وه و جه‌نه‌راله‌كانی سوپا و فه‌رمانده سه‌ربازییه‌كانی گواستووه‌ته‌وه، له‌گه‌ڵ كه‌لوپه‌لی سه‌ربازی، ئه‌وان كۆبوونه‌وه‌یه‌كیان له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی ئه‌و چه‌كدارانه ئه‌نجامداوه، كه 3 كاتژمێر و 23 خووله‌كی خایاندووه.
عه‌بدوڵڵاهیان، له گفتوگۆیه‌كی ته‌له‌ڤزیۆنیدا، سه‌باره‌ت به ره‌وشی یه‌مه‌ن ده‌ڵێت: "سێ لایه‌ن له یه‌مه‌ن تێوه‌گلاون، یه‌كێك له‌وانه ئه‌مه‌ریكایه، ئه‌وی دیكه‌یان، قه‌واره‌ی زایۆنیزمه و سێیه‌میشیان، كه پاره و ناوبانگی خۆی له‌سه‌ر داناوه، سعوودیه‌یه".
ئه‌و به‌رپرسه باڵایه‌ی ئێران ئاماژه به‌وه ده‌كات، سعوودیه به گوێره‌ی "پیلانێكی زایۆنی" له‌و یارییه مه‌ترسیداره تێوه‌گلاوه و مه‌ترسی خۆیشی نیشاندا به گوێره‌ی "پیلانه‌كان"، چه‌ند وڵاتێكی ئیسلامی دابه‌ش ده‌بێت و سعوودیه‌ش له‌و "پیلانگێڕییه" به دوور نییه.
ده‌شڵێت: "له سه‌ره‌تای قه‌یرانی یه‌مه‌نه‌وه به سعوودیه‌مان گوت، هه‌ڵه‌یه‌كی ستراتیژی و كوشنده‌تان كرد، چونكه قه‌یرانه‌كه پێویستی به چاره‌سه‌ری سیاسی هه‌بوو".
سه‌رچاوه: RT
ا. م