کالیاری و فیۆرێنتینا تاهەتایە درێسی ژمارە 13ی داڤید ئاستۆری لادەبەن
هیچ یاریزانێک بۆی نییە تاهەتایە ئەم درێسە بپۆشێت
یانەی فیۆرێنتینا بەفەرمی بڕیاری دا تاهەتایە درێسی ژمارە 13 لە یانەکەی لاببات.
دوای ئەوەی داڤید ئاستۆری کاپتنی یانەی فیۆرێنتینا سەرلەبەیانی رۆژی یەکشەممە بە جەڵتەی دڵ کۆچی دوایی کرد، یانەی فیۆرێنتینا بڕیاری دا گرێبەستی ئەو ناوەڕاستکارە ئیتالییە تاهەتایە درێژ بکاتەوە و مووچەکەی بە هاوسەر و منداڵەکەی بدات.
ئەمڕۆ یانەی فیۆرێنتینا بڕیاریشی دا درێسی ژمارە 13 کە ئاستۆری 31 ساڵان دەیپۆشی، تاهەتایە ئەم درێسە لاببات و هیچ یاریزانێک ناتوانێت ئەم درێسە بپۆشێت، جگە لە فیۆرێنتینا یانەی کالیاریش بڕیاری دا درێسی ژمارە 13ی یانەکەی لاببات و تاهەتایە ئەو درێسە خانەنشین بکات، کە ئاستۆری لە سەردەمی یاریکردنی لە یانەی کالیاری هەمان ژمارەی دەپۆشێ.
تاکو ئێستا یانەی فیۆرێنتینا لەبارەی چۆنییەتی رێزگرتن لە گیانی داڤید ئاستۆری بڕیاری کۆتایی نەداوە، بەڵام یانەکە داوایکردووە یاریی داهاتووی بەرامبەر بێنێڤینتۆ دوابخرێت، چونکە دۆخی دەروونی یاریزانەکان باش نییە و یانەکەش بە نیازە بڕیار بدات تا کۆتایی ئەم وەرزە لە سەرجەم یارییەکانی یانەکە لە خولەکی 13 هاندەران بە چەپڵەرێزان یادی گیانی کاپتنەکەیان بکەنەوە.

